ئای بۆ کاوەیێ، وەک کاوەی نەمر
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
2 خولەک
926 بینین
ئای بۆ کاوەیێ، وەک کاوەی نەمر،
بێتە مەیدانێ نەبەرد کتوپڕ!
بە دەستێ ئاڵا، بە دەستێ کوتەک
بە بیر و بڕوا بە هێزی مەچەک
هەموو هێزی گەل یەک ڕەنگ یەک بڕوا
بەرەو ئازادی و ڕزگاری بڕوا
لەگەڵ لاوانی چەوساوە و هەژار
هێرش بەرنە سەر قەڵاتی زۆردار!
لە ڕەگ و ڕیشە، هەڵی وەشێنن!
بەردی بنچینەی گشت بەدەر بێنن!
زۆردار پەتک کەن وەک سەگ بە زنجیر
بیکەن بە پەندی ڕۆژگاری پیر
لە دادگای گەل دا بنووسرێ فەرمان
بکرێ بە بەریا بەراتی خنکان!
مافیان وەرگرن زۆر لێ کراوان
کاریش بسپێرێ بە کوڕ کوژراوان!
پاک بکرێتەوە وڵات لە زۆردار
گۆڕ بکرێ هەموو دروشمی بەدکار
بۆ بەختیاری بۆ شادمانی
بۆ حوکمی یاسای زەوی و ئاسمانی
لە ناو کۆمەڵ دا هەرکەس بە تەنیا
لە سەر و ماڵی ببێ دڵنیا
سەر لێ شێواویی و پاشا گەردانی
ئەنجامی ڕەشە دەبێ بیزانی
گەر موتاڵاکەی مێژووی ڕابردوو،
زۆر ڕووداوی وای لێ هاتووتە ڕوو
ئەوەی حەز بکا بمرێ بە پاکی
شاهیدی ئەدا کردەوەی چاکی
ئەوەی بەدکار بێ ئەنجامی ڕەشە
لە ناو کۆمەڵ دا سووک و ڕوو ڕەشە
ئەوەی کە چاکەی کردۆتە پیشە
نەمرە، نامرێ، دەژی هەمیشە
بۆ هاو ڕەگەزت خزمەت گوزار بە
بۆ ئازادیان گورج و بەدکار بە
سستی مەنوێنە چیت توانایە
پاداشتی چاکەت لە لای خودایە