کام گوڵ، کام خونچە، کام وەرزی بەهار
لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
1 خولەک
1083 بینین
کام گوڵ، کام خونچە، کام وەرزی بەهار
شینی نەگێڕا هوزاری هەژار؟
کام فرمێسکی چاو کام سۆزی دەروون
نەڕژا بە ڕوودا سوور وەک ڕەنگی خوون؟
کام بزەی لێوی کام کۆرپەی ساوا
کام دایکی هەژار ئەسرین لە چاوا؟
کام باوکی پیری ناوقەد دا چەماو
نەگریا و نەڕژا فرمێسکی لە چاو؟
کام ماڵ سووتاوی بێچارهی هەژار
کام بێ تاوانی کە نەدرا لە دار؟
کام دایک دەبینی کە بەرگی ڕەش نەبێ
لە هەموو مافی ژین بێ بەش نەبێ؟
کام باوک لە شینی ڕۆڵەی بێ گۆڕی
یاساغ نەبوو لێی بەرگی بگۆڕی؟
کەی ساوای ئێمە بزەی لە لێوە
هەر چاوی گەشە فرمێسکی پێوە
کام ماڵ سووتاوی کوردی ئاوارە
پێی نەگوتراوە مەڵێ هاوارە؟
کام خونچە گوڵمان لە باخی ژیان
پێش ڕەنگ هێنانی هەڵیان نەوەران؟