گوتم: ئەی کچ لە گەشتی

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 2 خولەک  1197 بینین
گوتم: ئەی کچ لە گەشتی
شارستانی یان دەشتی
وا جوان و پاک ڕەوشتی
مەسیحی یان زەردەشتی
ئە کچە کوردە نازدارە،
ڕەنگ زەرد و لێو بە بارە
بەرگی ڕەشی پۆشیوە،
وا مەلوول و غەمبارە!
ئەو کچە کوردەی وا نازدار
کە من لێم دەکرد پرسیار،
دەستی کرد بە گرینێ
فرمێسکی دەهاتنە خوار!
گوتم: ئە کچ توو یەزدان
بۆ دەستت کرد بە گریان؟
کە من وا تۆ دەبینم،
جەرکم دەبێتە بریان!
گوتی: ئەی برای کوردی من
گەر بزانی دەردی من
هیچ جاری تر لێم ناپرسی
مەلوولی و ڕەنگ زەردی من
کیژێکم لێم قەوماوە،
خزم و برام کوژراوە،
هانام هێناوەتە بەرتان
نازانم کێتان پیاوە؟
ئەو گەورانەی ناسراون
دەڵێن کورد زۆر پیاون
هەموو میللەت فرۆشن،
جاهیل و ناتەواون!
پەنام بردە گشتیان،
لە وردیان تا درشتیان
هەموو لێم ڕوو گرژ بوون
تفو لە چارەی ڕەشیان!
تفو لە چارەیان بێ،
لە موڵک و پارەیان بێ
ئەو ڕۆژە شەرمەزار بن
ڕۆژی ژمارەیان بێ
حەیفم لە کوردەواری
بۆ لاوانی هۆشیاری
خۆڕایی ڕەنجەڕۆ بن
زۆرن تێکدەری کاری!