زوڵفی پەخشان کرد لە ڕووی دولبەر چ داوی نایەوە

لە کتێبی:
دیوانی عەونی
بەرهەمی:
عەونی (1914-1992)
 1 خولەک  902 بینین
زوڵفی پەخشان کرد لە ڕووی دولبەر چ داوی نایەوە
لەم هەرێمە هەر دڵێک ئاوارە بوو پێچایەوە!
ئەی دڵی زار و نەخۆش سەد ئافەرین بۆ چاوەکەی
وەک مەسیحا مردووێکی گیان بەبەر هێنایەوە!
چەند سولەیمان هاتن و فەرمان ڕەوا بوون سەرەدەمێ
ڕۆژگار ئەو سەرگوزشتەی یەک بە یەک گێڕایەوە
دژ مەوەستە هەرچی ڕووداوێک زەمان هێنایە پێش
گەر مەبەستت بەرژەوەندی گشتە بێتە کایەوە
کافری دڵ ڕەق هەژارێکی وەها چی کرد بوو،
بۆ چی کوشتت وا بە زاری چەندی لێت پاڕایەوە
چەندەها گرتیانە بەر ڕێگا بەرەو ئاوی حەیات
نەیگەیشتێ کەس هەتا ئێستا کە پێی نەخورایەوە
دەستی پێکرد نم نمەی بارانی ڕەحمەت دای ڕژاند
هەرچی تاوانێکی ئادەم کردبووی شۆرایەوە!