ئەی تازە گوڵی باغی ئەمەل بۆچی وەها زوو
شیوەن بۆ ئەبوبەکری کوڕی مەلا محمەدی فەرهادی
لە کتێبی:
دیوانی موخلیس
بەرهەمی:
موخلیس (1910-1985)
3 خولەک
1017 بینین
ئەی تازە گوڵی باغی ئەمەل بۆچی وەها زوو
ڕۆیشتی بە جێت هێشت لەبۆ ئێمە کەسەروسوو
گەنجیم سەمەرێکی نەبوو، پیریم بەسەرا هات
ئاگام چ لەپیری نەبوو ڕۆڵەم لە هەوای توو
چەند بەینە ئەمن مونتەزیری فەسڵی بووارم
کویا بگەڕێم لەو دەر و دەشتانە بەهەرسوو
کاتێ لە سیاحەت دەگەڕام دەنگی قەزا هات
با بەسبێ سیاحەت کە بوواری توو بەسەر چوو
توومەز کە ئەبوبەکری منە ماری ئەجەل دێ
دەی هەنجنێ یەک دەفعە لەسەر تاوەکوو ئەستۆ
ئەی وای چبووهێنای بەسەرم تالعی نەحسم
شادیم بووە غەم مەجلیسی بەزمم بووە ڕۆڕۆ
باراندی فەلەک بۆمنی بێچارە موسیبەت
دەورەی منی گرت میحنەت و ئەندۆهـ وەکوو ئۆردوو
دێتە دەرێ وەک دووکەڵی شین ئاهـ و هەناسەم
دێتن لە هەناوم کە پڕی ئاگرە بۆن سۆ
تک تک نییە گریەم وەکوو سولاوکەیە چاوم
پشتم وەکوو چەوگان وەیە دەستم کەتە ئەژنۆ
ڕووناکی دووچاوان و کزەی جەرگ و هەناوم
دڵ وارسی یەعقووبە کەوا یووسفی ونبوو
تێرم نەدی ئەو شتڵە نەمامی قەدی بەرزت
ئەو ڕوومەتەکانی دەبریسکان وەکوو پشکوو
هەرچەندە دەکەم ناچی خەیاڵی لە خەیاڵم
وای چەندە جوان بوو کە دەڕۆیی وەکوو ئاهوو
ئەی ڕۆڵە ولاشت هەموو بۆ مەدرەسە ڕۆیین
هەستە وەرە دەر بۆچی درێژ بووی وەکوو نوستوو
ئەسبابی تەرەقیت قەڵەم و دەفتەر و ئەشیا
پەژموردە و شێواینە لەپاش خاوەنی خۆشخوو
چاوێکی هەڵێنە لە من و دایکی زەعیفت
بنواڕە چ زەردین و چ باریک وەک یەک موو
دوو بولبولی یەک تاقە گوڵی تاق و جوانی
نابین لە چریکە و لە سەناخوانی چ ماندوو
ئەو مامە جوانانەی کە شێوای غەمی تۆنە
شنگیان لەبەدەندا نییە بێهۆش وەک مردوو
ئەو تاقمە مومتازە لەمەکتەب کە ڕەفیقن
وەستاینە لەسەر قەبر و جەنازەت لە بەیانوو
تەکلیف بکە با بچنەوە بۆ مەنزلی خۆیان
چونکە بە ئومێدن کە هەموو نەچنەوە بێ توو
بۆ ڕۆیی بە تەنیا و منت هێشتەوە تەنیا
کەی وەعدە لەبەینی من و توو ڕۆڵە وەها بوو
من پیر و زەعیفبووم لەبۆ ئەو ڕێگەیە چا بووم
تۆ گەنج و جوان بووی چ دەمی ئەو سەفەرەت بوو
ئەی خاکی وەتەن زۆر لەگەڵی مەرحەمەتت بی
ئەو چونکە لەمەیدان بوو سەری هەردەمە بۆ توو
مەمنوون و ڕەزامە بە تەمای ئەجر و سەوابم
یاڕەب نەچی ئەولایە لەکیسم کە ئەوم چوو
تەئریخی بووە {ab|فەوری قەزا لێی بووە میوان}
موخلیس کە شەریکی غەمە بۆی هێندە پەیابوو