دڵبەرێکم هەیە من، بسکەکی چین چینی هەیە
مەم و زین
        لە کتێبی:
            دیوانی موخلیس
        بەرهەمی:
                موخلیس (1910-1985)
        
             1 خولەک
             1694 بینین
        
        
    دڵبەرێکم هەیە من، بسکەکی چین چینی هەیە
چاوەکی بێ غەرەز و سینەکی بێ کینی هەیە
زوڵفی زەردی کە لەسەر کوڵمی سپی حەڵقە دەدا
گەنجی زیو ڕاستە کە چەند مارێکی زێڕێنی هەیە
سەیری ئەو قامەتە کە هەر لەسەری تا بنی پێی
ڕۆژ و شەو، نەرگس و گوڵ، عەرعەر و نەسرینی هەیە
لێوی شیرینی ئەگەر بێ بەتەبەسوم بدوێ
غونچە باغی ئیرەم و شانەیی هەنگوینی هەیە
خۆشە لام دەستی بنەخشێنی بە خوونی دڵەکەم
تاکوو وەسفی بکرێ دەستەکی ڕەنگینی هەیە
با کە بێقەی بدڕێنێ بکە سەیری مەمەکەی
ئاسمانی حوسنی ئەو یارە، چ پەروینی هەیە
وردەخاڵی ڕەشی وایە کە عەتر بەخشی ئەکا
مامزی چین و خەتا، نافەیی موشکینی هەیە
بۆیە فەرهادی سیفەت کەوتمە کێوان بە تەمای
وەعدەیی ئەو کچەمە، خینەکی شیرینی هەیە
هەرچی گوێ بگرێ لە موخلیسناسناوی ئەدەبی دڵی ئاگر دەگرێ
سەرگوزەشتەی من و تۆ تامی مەم و زینی هەیە