تاکوو گەنجێکی نەفام بووم مەیلی پیرانم هەبوو
هەیهوو هەیهوو
لە کتێبی:
دیوانی موخلیس
بەرهەمی:
موخلیس (1910-1985)
2 خولەک
1253 بینین
تاکوو گەنجێکی نەفام بووم مەیلی پیرانم هەبوو
هەرکە پیری کەوتە سەر ڕووم مەیلی گەنجانم هەبوو
هودهودی بادی سەبا وا لە سەبا هاتەوە لام
موڵکی گەنجیم تا هەبوو مورغی سلێمانم هەبوو
زوڵفی یار لوتفی لەگەڵمان تا هەبوو خۆشبوو ژیان
بۆ هەموو فەسڵێک لە ساڵ سێبەر و سەیوانم هەبوو
سینەکەی بێ کینەکەی تاک و ڕەقیب تێکی نەدا
باغی سێوان و هەنار و باغی خۆخانم هەبوو
دەست لە تەختی سەڵتەنەت هەڵبگرە هەر ڕەندی بکە
سەردەمێک ئەمنیش وەکوو تۆ قەسر و هەیوانم هەبوو
ناو و نیشانت نەوێ تا بارەگای پیرۆزی یار
ڕووی نەدامێ یار هەتاکوو ناو و نیشانم هەبوو
دڵ بە هیچ چشت بەند مەکە دەم چی دەویست ئەوها بکە
تاکوو ئەو دەرسم نەخوێند ژینێکی پڕ ژانم هەبوو
گەهـ لە مزگەوتان خەریک بووم زیکر و تەهلیلەم دەکرد
گەهـ لە مەیخانە شەراب و لاوک و حەیرانم هەبوو
پێم لەسەر پێ دادەنا بادە بەدەست و یار لە ڕۆخ
کەوسەر و ئاوی حەیات و حوور و غیلمانم هەبوو
شەو لە مەجلیس یار کە زوڵفی خۆی لەسەر ڕوو لادەدا
مانگەشەو پێویست نەبوو شەمعی شەبستانم هەبوو
ڕەنگی دوو ڕەنگیم لە مەیخانە بەمەی شوشت ئافەرین
مورشیدێکی ناسیح و هەیمەتی مەردانم هەبوو
پێم لەنێو مەیخانە دانا گەیمە نێو جاهـ و جەلال
تا لە نێو مەدرەسە بووم قەلبێکی وێرانم هەبوو
هەروەکوو ئێستا کە دەمبینی لە پێشان وانەبووم
هەیهوو هەیهوو چەندە شەوقی شەنگەبێریانم هەبوو
قەت لە بیرناکەم بوواران بۆ قەراجی وەکوو دەچووم
ئارەزووی ڕاوی قوڵینگ و کارغەزالانم هەبوو
ڕوو لەنێو مێرگ و کولیک و سەیری ئاوانم دەکرد
شەو لە دیوانی هەوەسدا لافی سوڵتانم هەبوو
تا دەمام لەو هۆبە ڕەشمارانە هەر کەیفم دەکرد
بۆ هەموو تەرزە غەمێکی بەزم و سەیرانم هەبوو
چەند لەبۆتان و لەخۆشناو و لە نێو شاران گەڕام
چونکە سۆرانی بوو موخلیسناسناوی ئەدەبی مەیلی سۆرانم هەبوو