دوا بە سەر

لە کتێبی:
خۆشخوانی
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 5 خولەک  1273 بینین

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری وشەیی «دوا بەسەر»ە. ئەم هونەرە لە بەلاغەی عەرەبیدا بە «رد العجز الی الصدر» گوزارشتی لێی دراوەتەوە. من ئەو گوزارشتە کوردییەم بەلاوە زیاتر جێ خۆیەتی، چونکە کورتتر و پڕ مەعناترە.

گوزارشتی شتێک بۆ شتێکی تر ئاشکرایە کە زۆربەی هەر بە خوازە ئەم شتانە کراوە. جا ئەگەر خوازە بێ لام وایە گوزارشتی کوردییەکە ڕەوانترە. ئەوەندە هەیە لەبەر ئەوە کە ئەم جۆرە شتانە تا ئێستە هەر لەسەر گوزارشتە عەرەبیەکە ڕۆیشتوون، دوور نییە هی کوردییەکە تۆزێ گران بێ لەسەر گوێ، بەڵام کە بڵاو بووەوە بێگومان ئەو گرانیەی نامێنێ.

جا ئەم هونەرە ئەوەیە کە ئاخری هۆنراوەکە؛ واتە وشەکەی بگێڕێتەوە بۆ سەرەتای بەیتەکە. یەعنی ئەو وشەیە کە لە ئاخری هۆنراوەکەوەیە، هەر چەشنی وشە لەسەرەتای هۆنراوەکەوە بوترێ.

ئەمە بە چاو هۆنراوەوە، بە چاو پەخشانیشەوە ەم ڕەوشتە هەر هەیە؛ لەوێدا ئاخری وشەی ئاخر ڕەستەکە بخەیتەوە سەرەتای ڕەستەکە. مەبەست بەم قسەیە، جا لە هۆنراوا بێ یا لە پەخشانا زۆر بەش ئەگرێتەوە چونکە.

ئەم دوو وشەیە یا لە گوزارە و وشەدا دوو پات کروانەتەوە، یا وەکوو یەک وانە؛ واتە «متشابهن»، یا وەکوو متشابهەکەن؛ واتە لێی وەرگرتن - اشتقاق - یا وهکوو لێی وەرگرتن کۆیان ئەکاتەوە.

ئەمجا ئەم دوو وشەیەش کە بەم جۆرە بوون، بوون بە چوار بەشەوە؛ یا ئەوەیە یەکێکیان لە ئاخری بەیتەکەوە ئەبێ و ئەویتریان لەسەرەتای نیوە هۆنراوەی یەکەمەوە ئەبێ، یا لە ناوەوەی ئەبێ، یا لە دواییەکەیەوە ئەبێ، یا لە ئەوەڵی نیوە هۆنراوەی دووەمەوە ئەبێ - دیارە ئەم چوارەی دوایی هەر تایبەتییە بە هۆنراوەوە -.

کە وا بوو تێکڕا بوون بە شانزە بەشەوە. ئەدەبی کوردی و ڕەوانبێژی ئەدەبی کورد دەستی بۆ هەموویان درێژ کردووە، بەڵام ئێمە لێرەدا چەند وێنەیەک دێنینەوە؛ وێنەی تەواو بۆ هۆنراوەکە، یەک وێنەش بۆ پەخشانەکە، وە هەریەک لەو دوو وشەیەش لە پەخشانەکەدا کەوتبنە سەر و بنی پارچەکەوە.

وێنەی هۆنراوەکە وەکوو «عەلی کەمال باپیر» ئەڵێ:

«بێزارە لە من عالەم ئەمێستا بە هەموو جۆر»
«باعس ئەوەیە؛ یارمە کەوا لێم بووە بێزار!»

تەماشا ئەکەین وشەی «بێزار» دووپات بووەتەوە؛ یەکێ لەسەرەتای نیوە هۆنراوەی یەکەمەوە، یەکێ لە ئاخری نیوە هۆنراوەی دووەمەوە.

وە یا «وەلی دێوانە» ئەڵێ:

«کە چووم بۆ زیارەت مەزاری شەمم»
«شەم دەستی هێنا خستیە سەر دەمم»

ئەمە وێنەیە بۆ ئەوە کە وشە لە ئاخری نیوە هۆنراوەی یەکەم و سەرەتای نیوە هۆنراوەی دووەمەو دووپات بووبێتەوە. وەکوو وشەی «شەم» ئەمەمان بۆ دەرئەخا.

وێنە بۆ ئەوە کە وشە لەسەرەتای نیوە هۆنراوەی یەکەم و سەرەتای نیوە هۆنراوەی دووەمەوە دووپات بووبێتەوە وەکوو ئەم هۆنراوە کە «حەریق» ئەڵێ:

«گوڵ لەناو باخا بەیانی پێکەنی تا ڕۆژهەڵات»
«گوڵ لەناو ماڵی منا پێی پێکەنی تا ڕۆژهەڵات!»

ئەم هۆنراوە لەگەڵ ئەوەدا کە بۆ ئەم وێنەیە هێنراوەتەوە. ئەو هونەرەشی هەر تێدایە کە یەک وشە لە ئاخری نیوەی یەکەم و دووەمی هۆنراوەوە وتراوەتەوە. هونەری سێیەم کە هەر لەم هۆنراوەدا هەبێ ئەوەیە کە وشەی دووپات کراوە واتە «ڕۆژهەڵات» گوزارەکانیشیان جیایە؛ یەکەم بە مەعنا «شروق»، دووەم بە مەعنا «غروب»ە!.

هەر لەم وێنەی دووپات کردنەوەی یەک وشەدا لەسەرەتای هەر دوو نیوە هۆنراوەوە «سالم»یش ئەڵێ:

«هەرچێ نیەتت بوو نیگەهت دڵمی بەڵەد کرد»
«هەرچێ نیەتم بوو بە موژەت، دڵ خەبەری دا»

لێرەدا وشەی «هەرچێ» لەسەرەتای هەر دوو نیوە هۆنراوەکەوە هاتۆتەوە.

ئەمیش جگە لە ئیشەکەی خۆی هونەرێکی تری تێدایە - کە دژیەکە -؛ دوو شتی بەرانبەر یەک کردۆتەوە کە «هەرچێ»یە -؛ یەکەم سەیرکردنی تۆ بۆ من، تێی گەیاندم لە نیازت بەرانبەر بە من، دووەم سەیرکردنی من هی برژانگی تۆ، دڵم خەبەری دامێ کە نەشتەرێکە و ئاراستەی من کراوە!.

وێنە بۆ ئەوە کە یەک وشە دووپات بووبێتەوە؛ یەکێ لە ناوەندی هۆنراوەکەیدا بێ و یەکێ لە ئاخری نیوە هۆنراوەی دووەمەوە بێ، دیسان وەکوو «سالم» ئەڵێ:

«لە دەریای میحنەتا هەڵپە ئەکەم بۆ غەم بە دەست و دەم»
«لە جەولانام، بە هەر لادا، گوزەرکامە لەنی پڕ غەم!»

وشەی «غەم»ی بەو جۆرە وتمان دووپات کردۆتەوە.

وێنەی «پەخشان»ەکەش وەکوو لەم پارچەیەدا هەیە کە ئەڵێ:

«سەر ئەکەمە سەر سەرین، لە باتی ئەوە خەو هێلانە بکا لە چاوما، کەچی وەکوو هۆمای باڵ تیژ بە گوڕ، بۆی ئەدا لە شەققەی باڵ، چاوم ئەکا بە «خۆی دان»، گێژی ش ڕوو ئەکاتە سەرم!».

سەیر ئەکەین وشەی «سەر» لە سەر و بنی پارچەکەوە دووپات کراوەتەوە.