بەشکردن

لە کتێبی:
خۆشخوانی
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  966 بینین

یەکێکی تر لە هونەری جوانکاری گوزارەیی «بەشکردن - تقسیم»ە.

ئەم بەشکردنەش ئەوەیە کە چەند شتێک بوترێ، پاشان بە ئەندارەی ژمارەی ئەوان شتی تر بوترێ و هەر یەکە لەمانەی دوایی ڕووبەڕووی ئەوەی پێشوو بکرێتەوە، بە مەرجێ کە «دەست نیشان - تعیین»ی تێدا دەرکەوێ. وێنە وەکوو «قانع» ئەڵێ:

«دووشت دەر ناچن لە ژێر زلەتا»
«کەری قەجەری و مێنحی سەر سەختا»
«ئەویان ڕەشمەکەی دایم لە سەردا»
«ئەمیان سەر کوتراو لە دەشت و دەردا!»
«سێهەمیش هەیە بەڵام من نایڵێم»
«هەموو ئەیزانن لە پۆچی بیڵێم!؟»

شەرحی دوو شتەکەی بە کەری قەجەری و سنگ کردووە، پاشان دوو شتی ڕووبەڕوو کردوونەتەوە و دەست نیشانی تێدایە؛ ئەویان کە کەرەکەیە هەموو دەم ڕەشمەکەی بە سەرەوەیە، ئەمیشیان کە سنگەکەیە هەمووجار بە بەرد و مێکوت ئەدەن بە سەریا بۆ ئەوە بچێ بە ئەرزەکەدا. دەست نیشانەکەش ئەوەیە کە ڕەشمە بۆ کەرە، نەوەکت بۆ سنگ، ئەمیشیان سەرکوتان، سەرکوتان بۆ کەر نییە بەڵکوو لێرەدا هەر بۆ سنگەکەیە. سنگ ڕەشمەی بە سەرەوە ناکرێ بەڵکوو پێوە ئەبەسترێ.

دوور نییە وا بچێتە دڵەوە کە ئەم وێنەیە بەر «پێچەو پەخشە» بکەوێ، بەڵام لەبەر ئەم دەست نیشانە سەربەخۆیێک پەیدا ئەکا و ئەبێ بە بابەتێکی سەربەخۆ لە هونەرەکانی جوانکاریی.

ئەوەندە هەیە بە پێی ڕێزمان ئەبوایە ئاخری نیوە هۆنراوەی دووەم وشەی «سەختە» بوایە نەوەک «سەختا»!.

ئەتوانین بڵێن «سەختە»ی کە کردووە بە «سەختا» لەبەر «سەروا» کەیە، ئەم جۆرە شتانە بۆ هۆنەر ئەشێ و بۆ هۆنراو ئەگونجێ، چونکە ماوە دراوە بە هۆنەر کە دەستکاری وشە بکا لەبەر ڕێ کەوتنی هۆنراو و سەرواکەی.

وە یا «پیرەمێرد» ئەڵێ:

«دار و گیاو گیاندار پڕ نشئەو دڵ خۆش»
«من و وەنەوشە مل کەچ و شین پۆش»
«ئەو پابەندی خاک کۆنەهەواران»
«من زیدەوانی مەزاری یاران»

ئەم بەشکردنە دەست نیشانی تێدا هەیە، چونکە هێمای «ئەو» لەسەرەتای یەکەم نیوە هۆنراوەی دووەما بۆ «وەنەوشە» ئەگەڕێتەوە. «من» لەسەرەتای یەکەم نیوە هۆنراوەی دووەما ئەو «من»ە یەکە لە پێشەوە وتوویەتی.

لە ڕاستیدا جیاکردنەوەی «پێچەو پەخشە» لەگەڵ «بەشکردن»دا تۆزە بیرکردنەوە و ورد کردنەوەیەکی ئەوێ.

***

لەم بابەتی جوانکارییەدا بەم جۆرە دوو بەشکردنی تر هەیە کە نزیکن بەمەوە. یەکێ ئەوەیە کە:

چەند سفەتێک بۆ شتێک دروست ئەکەی، وە ئەو شتە هەرجارە نیسبەت ئەدەیتە لای یەکێ لەو سفەتانە بە جۆرێکی وا وەکوو چۆن هەموویان لەگەڵیا ئەگونجێن، یەکە یەکەش هەر بگونجێن. وێنە وەکوو «حەمدی» ئەڵێ:

«خۆم و خزمم ئەسێنم حەق لەوانەی ناحەقن ئەمڕۆ»
«چلۆن خزمێ؟؛ بە جەرگن، شێری شەرزەن، عارفن ئەمڕۆ»
«کە بانگیان کەم هەموو چوستن، کە یەک بگرن گەلێ زۆرن»
«لە ڕووی دوشمەن ئەڵێی ئاسکن، کە بێنە عدد کەمن ئەمڕۆ»

لێرەدا باسی خزمەکانی کردووە، وە هەر جارە نیسبەتی داونەتە لای سفەتێک، کە ئەو سفەتە لەو جارەدا بۆیان ئەگونجێ. وەکوو چۆن خزمێکن؟. بە جەرگن، شێری تووڕەن، تێ گەیشتوون، ئەگەر بانگیان بکەم بۆ ئەوە بێن بە دەنگمەوە زوو ڕائەپەڕن. یەکێکی تر لە سفەتەکەیان ئەوەیە: کە پێکەوە یەک بگرن زۆر زۆرن، چونکە هەر یەکەیان لە جێگای چەند کەسێکە. سفەتێکی تریان ئەوەیە: بەخێرایی وەکوو ئاسک چۆن خێرایە بەو جۆرە خێراییە ڕووبەڕووی دوژمن ئەڕۆن، سڵ ناکەنەوە، ئەگەر خۆ بە ژمارەش بیانژمێری، زۆر نین، کەمن!.

دووەمیان ئەوەیە کە ڕەستەیەک بهێنرێتەوە بۆ شتێک، چی لەژێر ئەو ڕەستەیەدا بێ، ڕەستەکە هەموو بگرێتەوە. وەکوو ئەوە کە ئەڵێ:

«ئەو تارماییە یا شێرە، یا پڵنگە، یا هیچیان نییە.»

لێرەدا مادام تارماییەکە هەبوو لەو سێ بەشە دەر ناچێ. وەیا ئەڵێ: «پیاوی فەقیر چی ئەبێ؟ ناشوکری نەبێ، یا کوڕی ئەبێ، یا کچی ئەبێ!» بەڵام ئەمە بە گاڵتەوە ئەڵێ «پیاوی فەقیر» ئەگینا فەقیر و دەوڵەمەند هەر وەکوو یەک وانە.

نوکتەیەکی تر کە هەر بۆ زمانی کوردییە؛ لەم زمانەدا مەبەست بە پیاو «انسان»ە. ئنسان پیاو و ژن ئەگرێتەوە، کەوا بوو مەبەست بە «پیاو» لە مەسەلەکەدا «ژن»ە وە لەسەر شێوەی ڕەوانبێژی شتێکی لێ لابراوە، واتە «ژنی پیاوی فەقیر» نوکتەکە بوو بە دوو!.

تەماشا ئەکەی ئەم ڕەستانە هەموو بەشەکانی بەشکردن گرتوونیەتەوە.