بڵاوکردنەوە
لە کتێبی:
            خۆشخوانی
        بەرهەمی:
                عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
        
             1 خولەک
             1557 بینین
        
        
    هونەرێکی تری جوانکاری گوزارەیی «بڵاوکردنەوە - تفریق»ە.
ئەمەش ئەوەیە کە سفەتێک هەیە دووشت تیایا هاوبەشن، تۆ دێنی ئەو سفەتە بە جۆرێک جیا ئەکەیتەوە و بەشیان ئەکەی وەکوو دژایەتی لە بەینیانا بێ وای لێ دێ. وێنە وەکوو «زێوەر» ئەڵێ:
«ئەڵێن شەجیع بووە ئەفراسیابی تورکی قەدیم»
«نەگەیوەتە قوڵی ئەفراسیابی هەورامی»
«هەمیشە ئەو لەدەس ئێرانی هەر فراری ئەکرد»
«وەلێ ئەم ئێستەکە ئێران ئەخاتە سەر سامی!»
سفەتێک هەیە کە شەجاعەت و ئازایەتییە، ئەفراسیابی توورانی و ئەفراسیابی هەورامی هەر دووکیان تیایا هاوبەش بوون. هات ئەم جیاییەکی تەواوی خستە بەینی ئەم دوو ئازایەتیەوە؛ ئەڵێ شەجاعەت و ئازایەتی ئەفراسیابی هەورامی ئەوەندە لە پێشەوە بوو، ئەفراسیابی توورانی بە تۆزی قولیشیا هەر نەئەگەیشت!.