بەحری «هزج»

لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
 2 خولەک  942 بینین
شەش «مفاعیلن» بەحری «هزج»ە
وەزنەکەی مایەی فەوز و فەرەجە
تاقە «عروض»ێ مەشهوورە لەبۆی
دوو «ضرب»ی هەیە بە میزانی خۆی
«عروض» و «ضرب»ی یەکەم «مجزوء»ن
لەلای ئەدیبان باش و مەحسووبن
«ضرب»ی دووهەمی بێجگە لەوانە
«حذف»یشی هەیە باشە بیزانە
***
کەرامەتمان بە تەقوایە
تەقوایش بە فەیزی خودایە
ئەگەر تەوفیق یاوەرمان بێ
هۆی پیرۆزی دوو دنیایە
ڕەهبەرمان زاتێ گەورەیە
شەفیعی ڕۆژی جەزایە
فیدای بێ سوود و سەرمایەم
کە بۆ ئەو چیهرە مینایە
ئەگەر جارێ بڕوانێ بۆم
هەمو دنیا لەلام کایە
ئەوە مایەی سەعادەتمان
ئەو کلیلی تەجەللایە
ئەوە دەلیلی تاعەتمان
لەسەر ئەم تەختی دنیایە
لەسەر ڕێگەی ڕەهبەر بڕۆن
ڕێگەی ئەو ڕێگەی خودایە
تابیعی سوننەتی ئەو بن
خێر و سەعادەتی تیایە
لەسەر مەحەببەتی ئەو بن
حوببی ئیمانی ڕەسایە
لەسەر شەریعەتی ئەو بن
شەرعی ئەو شەرعی خودایە
لەسەر حوببی یارانی بن
دین بە یاران گەییە پایە
حوببی ئالت و ئەهلی بەیتی
بۆ دڵ بە وێنەی چرایە
حوببی ئیمامانی دینی
باعیسی هێزی تەقوایە
حوببی ساڵحانی ئوممەت
خێری دین و دنیای تیایە
ئەمەیە مایەی پیرۆزی
ڕێگای ئەهلی نەجات وایە
نامیناسناوی ئەدەبی داوا ئەکا لە خوا
ئەوەی مایەی ڕەزای خوایە