عیللەتێ کە دێ بەسەر شیعردا
لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
3 خولەک
778 بینین
ئەمما عیللەتێ کە دێ بەسەر شیعردا، ئەوە عیبارەتە لە دوو جۆر. جۆری یەکەم بە لێ زیاد کردنە و جۆری دووەم بە لێ کەم کردن.
عیللەتێ کە بە لێ زیاد کردن بێ سێ جۆرە. یەکەم ناوی «تذییل»ە کە عیبارەتە لە زیاد کردنی سەبەبێکی خەفیف لەسەر هەر جوزئێ کە ئاخرەکەی «وتدی مجموع» بێ. دووەم زیاد کردنی حەرفێکی ساکنە لەسەر هەر جوزئێ کە ئاخرەکەی سەبەبێکی خەفیف بێ. ئەم زیادە پێی ئەڵێن «تسبیغ». سێهەم زیادکردنی کەمتر لە پێنج حەرفە لە سەرەتای نیوەی یەکەمی شیعرەوە.
عیللەتێکیش کە بە کەم کردن بێ چەند جۆرە:
- جۆری یەکەم لابردنی سەبەبێکی خەفیفە کە ناو ئەبرێ بە «حذف».
- جۆری دووەم حەزفە لەگەڵ «عصب». ئەمە تایبەتییە بە بەحری «وافر»ەوە، جا «مفاعلتن» ئەبێ بە «مفاعل». ئەمە ناو ئەبرێ بە «قطف».
- سێهەم لابردنی حەرفی ساکنە لە «وتدی مجموع» و ساکن کردنی حەرفی پێشەوەی. ئەمە تایبەتییە بە بەحری «بسیط» و «رجز» و «کامل»ەوە. ئەم کارە ناو ئەبرێ بە «قطع».
- چوارەم «قطع»ە لەگەڵ «حذف» و ناوئەبرێ بە «بقر». ئەم کارە داخڵ ئەبێ لە بەحری «متقارب» و بەحری «مدید» دا، لە یەکەمدا «مفعولن» ئەبێ بە «فع» و لە دووهەمدا «فاعلاتن» ئەبێ بە «فاعل».
- پێنجەم حەزفی حەرفی ساکن لە سەبەبی خەفیف و ساکن کردنی متحر کە ماوەکەیە. ئەمە ناو ئەبرێ بە «قصر» و داخڵ ئەبێ لە بەحری «رمل» و «مدید» و «خفیف» و «متقارب» دا و «فعولن» لێرەدا ئەبێ بە «فعول».
- شەشەم حەزفی هەموو «وتدی مجموع»ە. ئەم کارە پێی ئەوترێ «حذذ» بە دوو ذال و هەر لە بەحری «کامڵ» دا دێنە جێ و «متفاعلن» ئەبێ بە «متفا».
- حەوتەم حەزفی «وتدی مفروق»ە و ناو ئەبرێ بە «صلم» بە صاد و لام و میم. ئەم کارە تایبەتییە بە بەحری سەریعەوە و «مفعولات» ئەکا بە «مفعو».
- هەشتەم ساکن کردنی حەرفی حەوتەمی موتەحەرکە وەکوو «تێ»ی «مفعولاتو» کە ئەبێ بە «مفعولات» و ناو ئەبرێ بە «وقف» و لە بەحری «سریع» و «منسرح» دا دێتەجێ.
- نۆهەم حەزفی حەرفی حەوتەمی موتەحەرکە و ناو ئەبرێ بە «کف». ئەمە لە بەحری «سریع» و «منسرح» دا دێتەجێ و «مفعولات» ئەبێ بە «مفعولا».
- دەهەم لابردنی حەرفی یەکەمی «وتدی مجموع»ە لە سەرەتای نیوەبەیتی یەکەمەوە. ئەمە دێتەجێ لە بەحری «متقارب» و «وافر» و «هزج» و «مضارع» و «طویل» دا.
- یازدەهەم حەزفی حەرفی یەکەمی «وتدی مجموع»ە لە بەحری «خەفیف» و «مجتث» و «متدارک» دا. ئەمە وەکوو «زحاف» وایە لە عەدەمە لزوومدا.
نەقسی نیوە شیعر بە یاسای ئەدەب
«جزء»ی پێ ئەڵێن عولەمای عەرەب