براعة الاستهلال

لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
 2 خولەک  563 بینین

یەکێکی تر لە هونەرەکانی بەدیع «براعة الاستهلال»ە کە لە لوغەتا بەمەعنای گەردن بەرزکردنەوەیە بۆ دۆزینەوەی مانگی یەکشەوە یا لە شادمانیی دۆزینەوەیا. لە عورفی بەدیعیشا ئەوەتە لە دێباچەی وتارا ئیشارەت بکرێ بۆ مەتڵەبی خاوەن وتار لە وتارەکەی.

بۆ نموونە ابومحمدی خازن لە سەرەتای قەسیدەیەکی پیرۆزباییی ساحێبی کوڕی عبادا کە خوا کوڕی دابوویە، ئەڵێ:

بشري، فقد أنجز الاقبال ما وعداعەرەبی
وكوكب المجد من أفق العلا صعداعەرەبی

«نامی»ش لەو پارچە شیعرەیا کە لە سەرەتای سەفەری حەجیا نووسیویە، ئەڵێ:

بەخ بەخ، ماشەڵڵا: چەند بەختیارم
بە دڵ موشتاقی زیارەتی یارم
ئەگەم بە ڕەوزەی ڕەوزەی سەردارم
باخچەی پڕ میوەی یاری دڵدارم
مادەم گەیشتم ئەحەسێمەوە
ڕزگارم لە بای جەفای بەدکارم
نیشانی شەرەف وەرئەگرم بۆ خۆم
لە دەستی باڵای والای موختارم
عاقیبەت خێرە بەڕاستی نامیناسناوی ئەدەبی
بە زیارەتی شەفاعەتکارم

جا پێویستە لەسەر خاوەن وتار لە چوار شوێنا چاودێڕیی وتارەکەی بکا. یەکەم لە سەرەتادا، واتە لە سەرەتای وتارەکەیا، بە وردە وردە و ناسکی و جوانی، بێتە قسە، وا کە دڵی دانیشتوانی ڕاکێشێ. دووەم: ئیشارەی بە مەبەستەکەی خۆی تیابێ کە ئەوە «براعة الاستهلال»ەکەیە. سێهەم بە موناسبە لە دێباچەکەوە دەربچێ بۆ مەبەستەکەی. چوارەم «حسن الانتهاء» واتە بە جوانی بڕینەوەی وتارەکەیە و دوایی هێنانیەتی بەجۆرێ کە دڵی دانیشتووان خۆش و نوورانی بکا و دوا ڕستەیشی نیشانەی بڕانەوەی وتارەکەی تیا بێ.

بۆ نموونە «نامی» لە دوایی هاتنی ئەم باسانەی ئەم کتێبەدا ئەڵێ:

سوپاس بۆ خودا من بەختیارم
لە سایەی خواوە تەواو بوو کارم
چەند پەڕەیێکم نووسی بە پێی حاڵ
لە فەننی بەدیع بۆ گەورە و مناڵ
بیکەن بە سەرمەشق بۆ باسی ئەدەب
بۆ ئەدەبی کورد یاخود هیی عەرەب
کەموکورتیان ئەگەر تیا بینی
ڕاستی کەنەوە بۆ ڕێنموونی
با چاو بپۆشن لە عەیب و نەقسم
من تاقەکەس و تەنگە نەفەسم
بە گوێرەی ڕۆژە خزمەتی زانست
هەر کەسێ تا چەندێ ڕۆیشت
جیهان دەریایە، هەر کەس بە پێی خۆی
بەش و بەهرەیێ دانراوە بۆی
سوپاس بۆ خودا بەش فراوانین
بە نووری ڕەحمەت دڵ ئاوەدانین