مقابله
لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
2 خولەک
1195 بینین
چوارەم: «مقابله»یە کە بریتییە لەوە وتاربێژ بەڕیز چەند شتێکی موتەناسیب بڵێ، جا موقابیلەکانیش بە شوێنی ئەوانا بێنێ، وەک ئەوە کە خوای گەورە فەرموویەتی: «فَأَمَّا مَنْ أَعْطَىٰ وَاتَّقَىٰ وَصَدَّقَ بِالْحُسْنَىٰ فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْيُسْرَىٰ وَأَمَّا مَن بَخِلَ وَاسْتَغْنَىٰ وَكَذَّبَ بِالْحُسْنَىٰ فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْعُسْرَىٰعەرەبی».
خاوەنی ئەم ڕازاوەیەیش ئەڵێ:
عاشقی بەڕاست بۆ یاری دڵبەر
لە دنیا و دینا داری دێتەبەر
ئارەزووپەرست بۆ بەهرەی دنیا
لە دنیا و دینا ئەگا بە زەرەر
***
ئینسانی ساغی بە دین و ویجدان
سایەی ڕەحمەتە بۆ ئەهلی جیهان
شەخسی ناساغی دڵ پڕ غەلوغەش
مایەی زەحمەتە بۆ ئەهلی زەمان
***
دادی سەرۆک و سەرکاری دەوران
هۆی ئاسایشە زاهیر و پەنهان
ستەم و جەوری خاوەن دەسەڵات
مایەی مەینەتە بۆ ئەهلی جیهان
***
زانای توانا و شاگردی ئەمین
مایەی ڕەحمەتن لەبۆ عالەمین
زانای بێمێشک و شاگردی بەدخوو
مایەی نەگبەتین لەبۆ سەرزەمین
***
ئایین و زانست هۆش و تێکۆشین
بۆ ئەهلی دنیا مایەی دڵخۆشین
بێدینی و جەهل و تەمەڵی و دەغەڵ
ئەنجامیان ئەبێ بە گریان و شین
***
هاوڕێیی چاکان بێ ڕیاکاری
ئینسان ئەخاتە سەر ڕێی ڕزگاری
بەڵام بە درۆ و ساختە و ناپاکی
ئەکێشێتەوە بۆ شەرمەزاری
***
«نامی» لە جامی «جامی»ی خواردەوە
بەوە گرەوی لە عام بردەوە
سەرچاوەی جامی دەرمانی دەردە
چ دەردی گوفتار یاخود هیی کردە