ایهام تناسب
لە کتێبی:
بەدیع و عەرووزی نامی
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
2 خولەک
1093 بینین
سێهەم: «ایهام تناسب»ە واتە نیشاندانی موناسەبەیەکی وەهمی. ئەمەش بریتییە لەوە وتاردەر چەند لەفزێ کۆ بکاتەوە یەکێ لەو لەفزانە دوو مەعنای ببێ یەکێ لەوانە موناسب بێ بۆ مەعنای لەفزە پێشووەکان وەکوو لە ئایەتی «الشَّمْسُ وَالْقَمَرُ بِحُسْبَانٍ وَالنَّجْمُ وَالشَّجَرُ يَسْجُدَانِعەرەبی»دا. ئیستا لەفزی «نەجم» کە مەعنای گیای بێساق ئەگەیەنێ لەگەڵ لەفزی «شەجەر» کە ڕواوی ساقدارە، مەعنایەکی تری هەیە کە ئەستێرەیە، لەگەڵ «شەمس» و «قەمەر»دا موناسەبەی هەیە.
«نامی» ئەڵێ:
شەمسی پڕتەوبەخش بە هەموو جیهان
مانگی پڕتەودار هەڵدێ لە کێوان
نەجمی سەییاری بەرزی ئاسمان
کەوا بە شەوان زینەتن بۆمان
شەمسەی قەلادەی ڕشتەی ئەسفیا
یانێ «محمد ختم الأنبیا»
نەجمی سەرشانی سیراجی وەههاج
یەعنی عورووجی «لیلة المعراج»
هەموو پیرۆزی هەموو جیهانن
هەندێ دیاری و هەندێ پەنهانن
بەڵام زینەتی پیرۆزی ڕەهبەر
ئەوەندە بەرزە نایەتە دەفتەر
ئەم زاتە لەکوێ و مانگ و ڕۆژ لەکوێ؟
با کەس لەم نەوعە تەشبیهە نەدوێ
ئەستێرە و هەتاو لەبۆ ژیانە
ڕەهبەر پیرۆزی دین و ئیمانە
ئەوان شۆڵەی ژین، ئەم شۆڵەی دینە
دڵی مەنبەعی نووری یەقینە
ئەم موحەممەدە و تاریف کراوە
لە ساقی عەرشا ناوی نووسراوە
«نامی» بە فیدای نەخشی ناوت بێ
فیدای ڕوخسار و برۆ و چاوت بێ
ئیستە لەفزی «شەمسەی قەلادە» و «نەجمی سەرشان» بێجگە لە مەعنای خۆیان مەعنایەکی تریان هەیە کە موناسبی ڕۆژ و مانگ و ئەستێرەیە.