ئێمە کە کوردین خودا دەناسین
ئەم ھەڵبەستە لەسەر شێوەی گۆرانییە
لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
2 خولەک
1015 بینین
ئێمە کە کوردین خودا دەناسین
لە ڕێگەی دینا خەیلی ئیخلاسین
وەزیفەمانە چونکە ئیسلامین
ساحیب غیرەت و عەزمی تەمامین
کورد و عەرەب بێ یا تورک و عەجەم
برای ئێمەیە ببن خاتر جەم
دوعا بکەین ڕوو لە خودا کەین
لە ڕێی ئیسلامی ڕوحمان فیدا کەین
یەکتر با بگرین بە وێنەی دیوار
بەڵکوو مەحفوووز بین لە دەست سەگی هار
پەنا با بەرین بۆ زاتی مەولا
شەڕی دوژمنمان بەڵکوو لێ لادا
حەقمان خزمەتە نێزیک و دووری
لەڕێی پاراستن بەسەد سرووری
شیعارمان ئیمڕۆ ئەللاهوئەکبەر
سەلامی لێ بێ سەییدی سەروەر
گشتمان مل کەچین بۆ ئەمری یەزدان
زۆر حەققەلامان ئەحکامی قورئان
هەرکەس لێی لادا دەبێ سەرگەردان
ڕووڕەش دەردەچێ لە حەشر و میزان
لە ڕێی پارێزگار دین و وەتەنمان
سەرفی با بکەین ماڵ و غیرەتمان
ڕێگا با نەدرێ بە بەدخواهی دین
فتنە پەیدا کەن لەسەر ڕووی زەمین
وەتەن نەشێوێ بە حیلەی بەدگۆ
تەئسیر با نەکا دیعایەی درۆ
یەکتر با بگرین ئێمە گەر پیاوین
بە ئاگری نیفاق پاکمان سووتاوین
جەرگی شەق کردووین دوژمن بە خەنجەر
ڕیشەی کێشاوین بە نووکی نەشتەر
ناومان لە خۆنا قەومی موسڵمان
بژین و بمرین بەمایەی ئیمان
ببین بەیەک سەف ئێمە ئیسلامین
ئەوجا بەڕاستی ئەهلی ئیمانین
شەرعی مستەفا بکەین بە قانوون
دینمان قەت نادەین بە گەنجی قاڕوون
سەربەست و ئازا بە دینی ئیسلام
سەرفی عومرەکەین لە ڕێگەی سەلام
ئێمە کە کوردین گەر ئەهلی وەفاین
لەژێر ئیتاعەی ئەمری مستەفاین
فەرقی پێ ناکەین بە نەوعی زمان
هەرچی ئیسلامە گشتی هەر بران