دووی ڕێبەندان

لە کتێبی:
خەوە بەردینە
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 2 خولەک  3025 بینین
بیرەوەریی دووی ڕێبەندان
دەمخاتە سەر بەستە و بەندان
ڕێبەندانی ڕێنوێنە
لە داگیرکەر سەرشێوێنە
هەڵات هەڵات لە هەموو دیاران
پێ پلیکەی دێو، تەختی تاران
دوژمنی کورد جێ پێی لێژە
با بگێڕین گەڕەلاوێژە
***
هۆ هۆ شوانە بە نەغمەی تەڕ و پاراووت
بە بلوێری لە خەم و دەردا سووتاوت
بارووژێنە گیانی خەوتووی گەزیزەی هەرد
بە «سوارۆ»یەک، بە «حەیران»ێک، دامرکێنە بڵێسەی دەرد
***
هۆ هۆ جووتێر چەوساوەی خەمان
خاڵە! ڕێبواری خەیاڵت نیشتەجێ بوو
خەمان نەمان
بە ئارەقی نێو چاوانی بەرز و تەرزی کرێکارانت
چناری هیوا باشین بێ
لە کۆزی ڕووی دەردەدارانت
ئەی کچی جوان!
ئەی یەزدانی داوێن پاکی!
دیلانی بگێڕە
بەسەر چوو
دیلی و زەلیلی و خەمناکی
ئەو هەوری یەی لە دەوری دارت پێچاوە
لە دەوری دەستت هاڵێنە
بە دەم سووڕانی سەماوە
شایی دەگەڕێ لە هەموو دێیان
گیان هاتوەتە ئاسۆی گوێیان
دیلان دەگەڕێ لە هەموو ماڵان
پیرۆزبایی لە هاواڵان
***
... ڕێبەندان!
بەو زستانەم دڵ بەهارە
لە هەموو سنووران هاوارە
لە دوژمنان ڕێبەندانە
بۆ کوردەواری گۆوەندانە
شایی نەدار و هەژارە
ئەوجار هەژار خۆی سەردارە
***
مەڵبەند بەهاری تێزاوە
قازیناوی تایبەتی مەزن هەر وەک کاوەناوی تایبەت
هێزی کۆمەڵی لە پشتە
هەودای خاوی هیوا گشتە
قورینگ چلەی زستان دەبڕن
چاویان لە کوردستان دەبڕن
بە پۆل گوڵی لە شەتاوان
دەخەمڵێنن دەم چۆماوان
بیستوومە لە کۆنەپیاوان
سەرگوریشتەی خاوەن ناوان:
«لە سەخڵەتا خۆشیی دیارن
هەر زۆرە کوژەی زۆردارن»
نەزیلەی باپیران وایە
«شەو بۆ مێردان وەک قەڵایە»
***
شەوەی شەو لەشی گوشیبووین
ڕێبەندان ڕێگای تەنیبووین
گیانمان خارا بە دەرد و ئێش
ڕێگای ئازادین گرتە پێش
پاش چەند ساڵ لە نوور دووریمان
هەڵ بوو چرای جمهووریمان
با بگێڕین زەماوەندێ
با بۆتان بڵێم سەربەندێ
ئەو جار چینی فەلا و کرێکار
قەت ناڵێن خۆزگەمان بە پار
دەری هاویشت تۆوی دژی
ڕەنجبەر بژی، بژی، بژی