یادی منداڵان

لە کتێبی:
خەوە بەردینە
بەرهەمی:
سوارە ئیلخانیزادە (1937-1976)
 1 خولەک  1530 بینین
کەی بە یادم دێ ئەو ڕۆژانەی منداڵی
لەناو خاک و خۆڵ عەینی بێ خەیاڵی
ئەو ڕۆژانە من کەی وەهام ئەزانی
تۆ منت خۆش ئەوێ ئەی یاری گیانی
ئەی دڵی منی بێ چارە
هەستە با بڕۆین لەم شارە
ئێواران لە کووچە لەگەڵ منداڵان
یاری و هەڵپەڕکێ و خۆش بوو خەیاڵمان
من و تۆ دراوسێ بووین لە ماڵێ
بێجگە لە یاری نەمان بوو هەواڵێ
ڕۆیشتی و دڵی خۆت دا بە لاوێکی بێگانە
کەی قەول و قەراری ئێمە وا بوو گیانە
بە یادت دێ ئەو ڕۆژانەی منداڵی
لەناو خاک و خۆڵ عەینی بێ خەیاڵی