وەستا گورونی دارتاش هەبوو لە سولەیمانی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  524 بینین

وەستا گورونی دارتاش هەبوو لە سولەیمانی، ڕۆژێک حەمەی پوورە خەجێ ئەچێتە لای ئەڵێ: وەستا ئیمشەو کوڕێکمان بووە، بێشکەیەکمان بۆ دروستکە. ئەویش ئەڵێ: بە سەرچاو! دوو سبەی بنێرە بۆی. حەمە ئەڕوا و دوو سبەی ئەنێرێ بۆ بێشکە. وەستا گورون ئەڵێ: ڕۆژی جمعە. ڕۆژی جومعە بۆی چوونەوە وتی: سبەینێ. لە سبەینێ، سبەینێ بیشکەی دوا خست و وردە وردە کوڕ گەورە بوو و باوکی ژنی بۆ هێنا، ئەویش کوڕێکی بوو. باوکی پێی وت: ڕۆڵە بڕۆ بۆ لای وەستا گورون، بڵێ باوکم ناردوومی بۆ بێشکەکە. ئەویش چوو پێی وت، وەستا گورون دیسان وتی سبەینێ. کوڕە وتی: «وەستا ئەمە چ قسەیەکە، وەختی خۆی باوکم کە پێی وتی، ئەوە بۆ من بوو، ئێستە وا منیش ژنم هێنا و کوڕێکم بووە، ئەم بێشکەیە هێشتا تەواو نەبوو؟» وەستا تووڕە بوو و وتی: کاکە بڕۆ خوات لەگەڵ! من ئیشی بە پەلەپەل ناکەم!