لەو سەرشیوە شێخێک هەبوو عەمری خوای...
لەو سەرشیوە شێخێک هەبوو عەمری خوای کردبوو. زۆرتر لە دەروێشەکانی لەو تیرەی «ڕوغانی»یە بوون. هەندێکیان کۆ ئەبنەوە و ئەچن بۆ پرسە و کۆڕی شین و شەپۆڕیش گەرم ئەبێ و دەروێش لەتاو نەمانی شێخ، هەموو حاڵ ئەیانگرێ و هەر یەک و بە جۆرێک بە باڵای شێخا هەڵئەدەن، پاش زیکر و فیکر و تەهلیلە، هەموو دائەنیشن و شێخ کوڕێکی منداڵی ئەبێ، هەموو قسەیان دێتە سەر ئەوە، بۆ ئەوەی کە شوێن ئاگردان کوێر نەبێتەوە، ئەو کوڕەی لە شوێن دانێن، کوڕە دێنن و مێزەرێک ئەبەستن بە سەریەوە و لەسەر کەڵپۆستەکەی شێخ دای ئەنێن. کوڕ منداڵ ئەبێ و بەو جۆرە خۆی ئەبینێ، ئەکەوێتە قنگە جوڵێ و ئەڵێ: من ئەم ئیشەم پێ بەڕێوە نابرێ. زیاتر لە های هوی دەروێشەکان زۆر دەترسێ! ئەمانیش گەلێکی لەگەڵ خەریک ئەبن و ئەڵێن: «نابێ تۆ بەچکە مرواریت، هەر ئەبێ لە شوێنی باوکت دانیشی و دەروێشەکان بەری بەڕێوە، با وەجاخ کوێر نەبێتەوە.»
ئەمان زۆر ئەڵێن و ئەم کەم ئەیبیست. دەروێش مارف ناوێکیان تیا ئەبێ، ڕیشسپی و دەمسپی هەموویان ئەبێ، تەزبیحی زیکرەکەی بە دەستەوە بوو، وتی: هەر ڕاست دانانیشێ؟ ڕۆحم وە فیدای شێخ وێ، دەسا وە قەورەکەی شێخ، نوزە لە دەمت بێتە دەرەوە، ئا ئەو گەماڵە بۆرە ئەنێم لە خۆت و باوکت، دەسا بخۆ! لەمە زیاتر زیکرەکەم لێ تێک مەدە، ئیتر بوڕێتەوە! کە ئەمە ئەبیەت، لە ترسا نقەی لێ ئەبڕێت!