محەمەد مەلا شەریف بۆی گێڕامەوە وتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  578 بینین

محەمەد مەلا شەریف بۆی گێڕامەوە وتی:

مەلایەک هەبوو لای ئێمە کتێبێکی دەستنووسی کۆنی گەورەی گرتبوو بە دەستەوە، موتاڵای ئەکرد، بە تەواوی تیایا کوڵابوو، کتێبەکە خۆی بە خەتێکی درشت نووسرابۆوە. پەراوێز (حاشیە)یشی هەبوو بە خەتێکی زۆر ورد نووسرابۆوە. پیاوێکیش هەر لەو گوندە بوو، «سۆفی حەسەن»یان پێ ئەوت. زۆر بە دین و هەموو وەخت هەر لە خزمەت مەلا و فەقێکانا بوو. لەو وەختەدا کە مەلا موتاڵای کتێبەکەی ئەکرد، ئەمیش چوو لە بن دەستییەوە هەڵتوتا و سەیری مەلا و کتێبەکەی ئەکرد، مەلاش لەبەر خەریکبوونی خۆی، هیچ ئاگای لەم نەبوو. سۆفی حەسەن لە پاش سەیرکردنێکی زۆر وتی: «مامۆستا ئەوە دەزانی ئەو خەتە درشتانە بخوێنیتەوە؟» مامۆستا وتی ئا. سۆفی وتی: «ئەی کسۆک مەلا!» ئەمجا وتی: «هەر هەنووکەش دەزانی وردەکانیش بخوێنیتەوە؟» مەلا وتی: ئا. وتی: «ئەی بەراز مەلا!» مەلاش هیچ، نقوم بووە و ئاگای لە هیچ نییە.