گەلاوێژ لە باوی کوردەکانا ئەستێرەیەکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1060 بینین

«گەلاوێژ» لە باوی کوردەکانا، ئەستێرەیەکی زۆر گەشی پرشنگدارە لە بەینی ڕۆژهەڵات و باکوورا هەڵدێت کە ئەم ئەستێرەیە هەڵهات، گەرما ڕوو ئەکاتە کزی و بەرەبەرە فێنکی پەیدا ئەبێ و پاشان ئەچێ بە لای سەرماوە. ئەم ئەستێرەیەش لە شەوی ١٦ی مانگی «مێوەگەنان» کە بەر شەوی ٦ی ئاب و ١٦ی مورداد ئەکەوێ لە بورج ئەکەنرێ و کەس نایبینێ، بەڵام یەکەم گیانلەبەرێک کە لە پێشا هەستی پێ بکا، بە هەستکردنێکی مەعنەوی، وڵاغی بەرزەیە- ئەسپ و ماین، خاوەنی مەڕ و ماڵات، ئەوانەی کە پسپۆڕن لەلایەن ئاژەڵدارییەوە، کە چاویان بەو وڵاغی بەرزەیە کەوت، ئەزانن کە «گەلاوێژ» لە بورج کەنراوە.

پاش وڵاغی بەرزە، یەکەم گیانلەبەرێک کە «گەلاوێژ» ببینێ مەڕە کێوییە. ئەم لە بەری بەیانا ئەکاتە سەر کڵاوە و لووتکەی شاخەکانا و بۆ «گەلاوێژ» ئەگەڕێ تا بەرچاوی ئەکەوێ، مەڕە کێویش کە گەلاوێژی بەرچاو کەوت ئەکەونە تەگە و بەران. پاش ئەمانە بەرە بەرە گیانلەبەرەکانی تر ئەیبینن، ئاخر گیانلەبەر کە گەلاوێژی بەرچاو کەوێ «بەراز»ە، بەراز خۆی لە بینینی گەلاوێژ ئەدزێتەوە نایەوێ چاوی پێ بکەوێ، تا وای لێ دێت تەنانەت لە ئاخرا خۆی ئەکوتێتە شوێنە چاڵەکان و ناو گەرووی قووڵی کێوەکان هەر بۆ ئەوەی نەیبینێ. ئەمجا ئەگەر هات و گەلاوێژ ئەوەندە بەرز بۆوە کە ئەو لەو شوێنە چاڵەشا هەر بەرچاوی کەوت، ئەو وەختە ئەوانیش ئیتر ئەکەونە «با» و سواری یەک ئەبن!