لە ڕەوشی کوردەکانە ئەوا بووک دێنن کە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  1167 بینین

لە ڕەوشی کوردەکانە ئەوا «بووک» دێنن، کە گەیشتە جێ، زاوا ئەچێ لە دوورەوە سێوێکی تێ ئەگرێ، هەروەها لەو وەختەدا کە بووک پێ ئەنێتە ناو دەروازەی حەوشەی زاواوە، زاوا قامیشێک ئەگرێ بە دەستەوە و ئەیدا لەسەر سەری بووک، گۆیا بەم نیشانە سامێ ئەنیشێتە سەری.

دیسان لەو وەختەدا کە بووک لە ژوورەوە دانیشتووە و پێخەسووەکەی بە لایەوە و زاوا ئەچێتە ژوورەوە، (ئەچێتە پەردە) کە ئەم سەری کرد بە ژوورەکەدا بووکەکە ئەبێ هەستێ، پێخەسوو دەستی ئەگرێ و ئەیداتە دەست زاوا و ئەڵێ: «ئەوە ژنەکەت». زاوا دەستی ژن ئەگرێ و لەو وەختەدا، چ بووک، چ زاوا، کۆششی ئەوە ئەکەن کە پێ بنێن بە سەر پێی یەکا، گۆیا هەرکامیان پێش کەوتن، ئەوە ئیتر سامی ئەمیان ئەنیشێتەوە سەر ئەویان، خۆ ئەگەر بووکەکە ئەمەی بۆ ڕێ نەکەوت، زاوا یەکەم جار کە داوای ئاوی لێ ئەکا، بووکەکە هەڵئەسێ ئاوی بۆ بێنێ لەو وەختەدا بەبێ ئەوەی زاواکە ئاگای لێ بێ، قومێ لە ئاوەکە ئەکاتە دەمییەوە و ئەیکاتە ناو جامەکەوە، ئەمجا ئەیدا بە مێردەکەی بیخواتەوە، ئەگەر ئەم ئیشەی کرد، گۆیا سامی ئەنیشێتە سەر مێردەکەی و ئیتر بە ئارزووی خۆی ئەیڕانێ.