یەکێ کە بەری لەپی ڕاستی خورا ماچ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 5 خولەک  1669 بینین

ئەڵێن «سەگ» کە لوورانی دا، کەوشی بۆ هەڵنەگێڕنەوە، لە لوورە ناکەوێ.

لە ناو کوردا باوە، ئەوا یەکێک پێڵاوەکانی دائەکەنێ، کە دایئەکەنێ دواجار سەیر ئەکا پاژنەکانیان ڕوویان کردۆتە یەک، هەڵئەسێ ئەچێ لە بەریانا دائەنیشێ بە هەر دوو دەست پێڵاوەکانی هەڵئەگرێ ئەیانتەکێنێتە کۆشییەوە، پێڵاوەکان دائەنێتەوە. پاشان دەست ئەباتە کۆشی و چنگی پڕ ئەکا و ئەیکاتە گیرفانییەوە، دیارە هیچیش لە کۆشیا نییە، بەڵام هەر وا ئەکات، گۆیا ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ماڵ و پارەیەکی پێ ئەگات.

یەکێ کە بەری لەپی ڕاستی خورا، ماچی ئەکاتەوە و ئەیخشێنی بەسەر سەریا، بەو جۆرە خووروەکەی لائەبا، ئەمە مانای ئەوەیە کە پارەی دێتە دەست، خۆ ئەگەر بەر لەپی چەپی خورا، ئەوە مانای ئەوەیە کە پارەی لە دەست ئەبێتەوە، هەر ئەیخورێنی و هیچی تر.

لەو وەختەدا کە پیاو پێڵاوەکانی دائەکەنێ، ئەگەر سواری یەک بوون، ئەوە مانای ئەوەیە، سەفەری ئەکەوێتە بەر، جا لووتی کەوشەکە لە کوێ بوو سەفەرەکەی بۆ ئەوێیە.

ئەڵێن پیاو بە شەو گوێ بخاتە سەر ئەرزەکە و هەستی خۆی بۆ ڕاگرێ تا حەو فەرسەخ چ دەنگێک هەبێ گوێی لێ ئەبێ.

ئەڵێن ئەگەر یەکێک چووبوو بۆ سەفەر و کاروان، قەلەڕەش هات و بەیانیان لە دەورووبەری ماڵەکە دەستی کرد بە قڕەقڕ، ئەوە هاتنەوەی کەسەکە لە سەفەرەکەی لە ئیمڕۆ و سبەیدایە.

ئەڵێن ئەگەر بە زستان -با ڕۆژیش زۆر خۆش و هەتاو بێت- چۆلەکە پەلاماری ژووری دا و دەستی کرد بە هەڵپەکردن بۆ دانخواردن، ئەوە بەفرێکی زۆر قورس ئەبارێ و ڕەشایی لە زەوی ئەبڕێ.

ئەڵێن لە ڕۆژی هەتاو و خۆشی زستانا، ئەگەر چۆلەکە دەستی کرد بە مەلەکردن و باڵەفڕکێ ئەوە باران ئەبارێ.

ئەڵێن ئەگەر جومعە بوارۆ شەنبە وۆش کەرۆ، شەنبە بوارۆ پەنج و شەش کەرۆ.

ئەڵێن هەر ئێوارەیەک ڕۆژ لە هەوار ئاوا ببێت، نیشانەی باران بارینە.

ئەڵێن ئەگەر هەور چوو بۆ ڕۆژهەڵات، بڕۆ بۆ کاروان و باران نابارێ، ئەگەر چوو بۆ لای باشوور، ئەوە باران ئەبارێ، لە ماڵەوە دەر مەچۆ.

ئەڵێن «شاخی مار» بکرێ بە مەشکەدا، بەرەمەشکەی زیاد ئەبێ.

ئەڵێن کە مار تۆپێنرا، تا نەکەوێتە شەو و چاوی بە ئەستێرەی خۆی نەکەوێ بە تەواوی ناتۆپێ.

ئەڵێن موورووی شین بۆ چاوەزار باشە.

ئەڵێن دووکەڵی تەپاڵە بۆ ڕەوە مێشوولە باشە.

ئەڵێن «گرێ»ی دار گوێز لە بەهارانا هەر کارەساتێک لە نزیکەوە ڕوو بدا، یا هەر شتێک بەوێدا تێپەڕێ، لەناو ئەوا وێنەی ئەگیرێ.

ئەڵێن ژن و خانوو و وڵاخی بەرزە، ومیان بۆ هەیە.

ئەڵێن پیاوی پشت مل پان، بێ ئەقڵە.

ئەڵێن پیاوی موو سووری کورتە باڵای هەنگاو زل، با زۆر چاکەش لەگەڵ یەکێکا بکا، ئاخرەکەی زیانی هەر لێ ئەبینرێ.

ئەڵێن جل، کە لە بەرا دوورایەوە پینەکار هەژاری دێنی.

ئەڵێن بە شەو گەسکدان خراپە.

ئەڵێن بە شەو مەنجەڵی ڕەش دان بۆ خواستن خراپە.

ئەڵێن ئافرەتی لەش پیس، شیر بخاتە سەر ئاگر، شیرەکەی ئەبزڕکێ.

ئەڵێن کراسی سوور، کچ زوو گەورە ئەکا.

ئەڵێن هەر هاوینێک زۆر گەرم بوو، ئەو زستانە کە بە شوێنیا دێت، زۆر سارد ئەبێ.

ئەڵێن یەکێ کە ژێر پێی خورا، ئەوە بۆ سەفەر و کاروان ئەچێ.

ئەڵێن پێستی سمۆرە بۆ کیسە پارە سەر بە ڕزقە.

ئەڵێن یەکێ سەری چاوی چەپ و چاوی ڕاستی بفڕێ، تووشی خێر ئەبێ.

ئەڵێن یەکێک کە لە دەشتەوە بە ڕێگەدا ئەڕۆیشت، کەروێشک ڕێگەکەی بڕی، خراپە. ئەگەر ڕێوی بڕی، چاکە.

ئەڵێن کڵاو بە وەرگەڕاوی لەسەر بنێیت گرانی ئەبێت.

ئەڵێن یەکێک کە چوو بۆ سەفەر و کاروانێک، ئەگەر پێیان خۆش بوو بگەڕێتەوە، ئاوی ڕوون ڕۆ ئەکەن بە شوێنیا، خۆ ئەگەر لێی بێزار بوون و نەیانویست ئیتر بێتەوە، دیزەی ڕەشی بە شوێنا ئەشکێنن.

یەکێک کە ویستی بچێ بۆ شوێنێک، یا ویستی ئیشێک بکا، ئەگەر لەو وەختەدا یەکێک یا خۆی جارێک پژمی، ئەڵێ ئەوە سەبری هێنا و ئیتر دەست نادا بە ئیشەکەوە، خۆ ئەگەر دوو جار پژمی، ئەڵێ ئەوە جەختی هێنا و زۆر چاکە ئەچێ بە شوێنیەوە.

ئەڵێن بە شەو گەسکدان هەژاری دێنێ، جا لەبەر ئەمە ئەگەر هات و شەو پێویست بوو گەسک بدرێ، ئەوە پووشێکی لێ ئەشکێننەوە، یا گەسکەکە ئەگرن بە گڕی چراکەدا تۆزێکی لێ ئەسووتێ، ئەو وەختە گەسکەکەی پێ ئەدەن.

ئەڵێن ئەگەر یەکێ بە شەو تەماشای ئاوێنە بکا، ئەچێ بۆ غەریبی.

ئەڵێن بە شەو نینۆک کردن خراپە.

مریشک هەر کە خوێندی، خێرا دێنن سەری ئەبڕن، ئەڵێن ئەوە وەیشوومەیەکی پێوەیە، کە سەر بڕا، ئیتر وەیشوومەکە ئەڕوا و ڕوو ناکاتەوە ئەو ماڵە، هەروەها کەڵەشێریش کە پاش شێوان و پاش خەوتنان خوێندی، ئەویش هەر ئەو سەمەرەیەی هەیە و سەری ئەبڕن.