کوردینە ئێوە خۆ موسڵمانن
سکاڵای دەروون
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
3 خولەک
766 بینین
کوردینە ئێوە، خۆ موسڵمانن
بە خوا و پێغەمەر خاوەن ئیمانن
تابێع بە حوکمی جوانی قورئانن
ساحێب بەزەیی و عەقڵ و ویجدانن
چۆن ڕەواتان دی بە قسەی دوژمن
ڕۆڵەی کورد بە کورد بدەن بە کوشتن
ڕۆڵە ڕۆی دایک و باوک کوژراوان
قیژەی باوکە ڕۆ، ناڵەی هەتیوان
نەهاتە گوێتان لەناو ماڵاندا
بەزەییتان بێ بە منداڵاندا
بۆچ گەلی کوردتان خستە مەترسی؟
بە واتەی ناحەق «بۆ پارە و کورسی»
لاپەڕەی مێژووی خۆتان بۆچ ڕەش کرد؟
لە کوردایەتی خۆتان بێ بەش کرد؟
وڵاتتان ڕەنگ کرد بە خوێنی کوردان
لەسەر ڕاوێژ و وشەی نامەردان
ئەم کردەوانەی لێتان ئەبینرێن
دڵی موسڵمان پڕ ئەکەن لە خوێن
کوردستان موڵکی گەلی کوردانە
جێگای ئارامگای شێری مەردانە
پاسی پێویستە لە دەست داگیرکەر
بە پێی فەرموودەی خوا و پێغەمبەر
مەگەر نەت بیستووە، یاخۆ نازانی
«حب الوطن من الایمان»
ئەوانەی ئەگرن لاینی دوژمن
نێرە مووکێ کن، نە پیاون، نە ژن
ئەوەی خوێنی کورد بە کورد ئەڕێژێ
سزای کردەوەی خۆی هەر ئەچێژێ
مێژووی کوردستان ڕووڕەشی ئەکات
لە نەتەوەی خۆی بێ بەشی ئەکات
ئێستاش تا زووە وەرگەڕێنەوە
لە کردەوەی بەد بگەڕێنەوە
با دایکی وەتەن لێتان ببوورێ
ئازادتان بکات بە هەموو جۆرێ
دوژمن بۆ ئێوە نابێ بە برا
بۆ ڕۆڵەی کوردا «هەر کوردە برا»
کورد وڵاتی خۆی نادا بە هیچ کەس
خۆیشی قەت ناکا بە کۆیلە بۆ کەس
ماڵی میراتی باوک و باپیری
ئەبێ بەش بکرێت لە جوان و پیری
بەڵام کورد هەموو بە حوکمی قورئان
برای دڵسۆزن بۆ موسڵمانان
یاریی دەریانن بە تەنگانەی سەخت
نەک بە نۆکەری ببن بە ژێر دەست
داگیر کەرانیش با چاو هەڵێنن
چوار دەوری خۆیان زۆر باش ببینن
با سەریان نەدەن بە شاخی کوردا
نەک ملیان بشکێ لە شیو و هەردا
کورد نەنووستون هەستاون لە خەو
گشت خەبات ئەکەن بە ڕۆژ و بە شەو
چاو کراوەن و هەموو بێدارن
لە حاڵ و ئەحواڵ گشت خەبەردارن
تا وڵاتی خۆ نەسێننەوە
لە داگیر کەران ناحەسێنەوە
سەرۆک بەڕێز و دڵسۆزە بۆ کورد
هەڵ ناخڵەتێ بە وشەی نامەرد
خەباتی کردووە بە ماڵ و بەدەن
بۆ ڕزگاری کورد لە جەوری دوژمن
بۆ سەربەخۆیی کورد و کوردستان
قوربانی داوە بە توولی زەمان
تەفرەی نەخواردووە بە پارە و بە پوول
xxxدەقی نائاشکرا
نایڵێ خزنەی پڕ زێڕ و زیوی
بدرێت بە دوژمن ببێت بە خێوی
مەرجی وای کردووە یا ئەبێ بمرێ
یا کوردستان یان لە دەست وەربگرێ
ئیتر بێ سوودە ئەم فاک و فیکە
ڕۆژی سەرکەوتن شاهۆناسناوی ئەدەبی نەزدیکە