شەیدایی سەر و سوورەتی ڕەعنا سەمەنێکم
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
2 خولەک
1062 بینین
شەیدایی سەر و سوورەتی ڕەعنا، سەمەنێکم
حیرەت زەدەیی گێسوویی فندق دەهەنێکم
مەفتوونی جوانێک و ئەسیری، حەسەنێکم
عاشق بە قەد و قامەتی سەروی چەمەنێکم
دڵ بەستەیی زۆڵفم کە وەها ماتەموو زارم
بێ فاێدە عومرێکە جەفا پەروەری یارم
خوێنخوار و دڵ ئەفکار و وەفا گوستەری یارم
زۆر تینوی ئاوی دەهەنی خەنجەری یارم
دڵ زەخم و جگەر ڕێش موژەی نەشتەری یارم
سەرمەستی هەوای عەشقی ڕوخ و چاوی خومارم
نەیدیوە کەسێ هەر وەکوو من شیفتە حاڵێ
سەودا زەدەبی زوڵف و گرفتاری جەماڵێ
سووتابێ دەروونی بە تەمەننای خەت و خاڵێ
کەس وەک منی بێچارە لەتاو هیجری نەناڵێ
وەک بولبولی شەیدا نەفەسێ نیمە قەرارم
عوریانییە ئێستا بووەتە کەوڵی حەزینم
هەرخارە لە چاوا بووەتە سەروی گوزینم
پێچایەوە سەرپەنجەیی بازوویی، زەڕینم
سووتاوی کزەی مێهری ئەوم بۆیە حەزینم
بیماری بەڵای هیجری ئەوم بۆیە نەزارم
بۆ جەور و جەفا قابێل و ئامادە و حازر
بێ ڕەحمی بەسە خۆفی خوات بۆ نییە ئاخر
تاکەی نەکوژێ تیغی برۆت «شایقی» خاسر
ناڵەم وەکوو «نەی» سۆزی دڵم وەک «گڕی ئاگر»
فرمێسک کە ئەڕێژم هەر ئەڵێی هەوری بەهارم