ئەگەر من شێت نەبم ئاخر لە سەودای گوڵ ڕوخانم چی

پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلی ناری
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
 3 خولەک  1161 بینین
ئەگەر من شێت نەبم ئاخر لە سەودای گوڵ ڕوخانم چی؟
لەڕاوی، چاویی جادو بازی شیرینی، زەمانم چی؟
لە ناڵە و ئاهـ و، مەهجووری، لە گریان و فوغانم چی؟
کە غەرقی بەحری دووری بم لە ئومێدی ژیانم چی؟
لە فیکر و غائێلەی بێ فائیدەی سوود و، زیانم چی؟
لە دووری شێوەکەی شیرینەوە ئەمڕۆ کە فەرهادم
لە سایەی عەشقەوە عالەم سەراسیمەن لە فەریادم
هەمیشە وێڵی کێوانم، ئەوەند خەمبار و ناشادم
لە کێوی «پیرەمەگروون» و «سەگرمەی» مێحنەت و بادم
لە سەیری نازی، شۆخی، دیدەبازی، بازیانم چی؟
وڵاتی، تاج و تەختی، کەوتە دەس ئەوباش و نادانی
لەغاوی حوکمی ئەو قەومە، درایە دەستی دوو نانی
وڵاتی «بایەقوش» تیابوو بەسەردار و حوکمڕانی
«سلێمانی» کە خاڵی ما لە دێوانی سولەیمانی
لە عەیش و نۆش و بەزمی بێ نکینی قودسیانم چی؟
کەمن کوژراوی تیری نازی چاوی مەستی شەهلا بم
کەمن زەنجیر کراوی، داوی دوو زۆڵفی چەلیپا بم
کەمن سەرسامی چاو و پەرچەمی شێواوی لەیلا بم
کەمن مەشغوڵی، دەرسی، خەت و خاڵی تورکی تەرسا بم
لە تەعلیمی «مناڵی کوردی» بێ نوتق و زوبانم چی؟
لەتاو تەئسیری ئێش و نێشی، بێ دەرمانی مەهجووری
لە گەرمی کرپە و، لرپەی شەرارەی ئاگری دووری
لە زوعفی جەستەیی خەستەم بۆ دەردی سەختی ڕەنجووری
لە ڕوویی ڕوومدا، حوکمی نەما، قانونی مەسرووری
لە مەیلی مەکتەبی، حوسن و جەماڵی، ڕووسیانم چی؟
لە ساحەی بەزمی عەیشمدا سەدای ناڵین و هاوارە
لە سەیلی خوێنی دیدەم مەجلسم ڕەنگینە گوڵزارە
ئەنیسم خەم، موغەنیم ناڵە، ساقیم چاوی بیمارە
سورویشکم مەی نەفەس سەمتوور سینەم ساز و دڵ تارە
لە دەنگی چەنگ و خۆشخوان و لە چیلوەی سافیانم چی؟
سورشکم یەک بە شوێن یەکدا کەدێ وەک تاوەبارانە
هەموو سوور و سپی تێکەڵ میسالی دوڕ و مەرجانە
بە داوی هیجرەوە، هۆنراونەوە، سوبحانە چەند جوانە
لە دانەی ئەشکە من گرتوومە تۆ، تەزبێحی سەد دانە
لە ئاوی «زەم زەم و» تەزبێحێ، باغەی حاجیانم چی؟
کەمن بێ یار و بێ خەمخوار و بێ هەمدەم قەناعەت کەم
کەزامی دڵ بە ناسۆر بێت و بێ مەرهەم قەناعەت کەم
کەمن دایم بە بەرگی شیوەن و، ماتەم قەناعەت کەم
لەبۆ باقی حەیاتم تابە قووتی خەم، قەناعەت کەم
لە فاژ و قیژی دەروێش و لە مرقەی سۆفیانم چی؟
نییە مەیلم، بە تار و نەی هەواوی ئاوازی چەنگ ناکەم
وەکوو دەروێشی ئەم دەوریشە خۆم شێت و دەبەنگ ناکەم
وەکوو سۆفیش بە مەکر و حیلە خۆم فێری جەفەنگ ناکەم
مەلام و ئەهلی تەقوام و بەمەی سەجادە ڕەنگ ناکەم
لە بادەی ساقیی و قیژەی کچی نەرم و نیانم چی؟
شوعاعی شەمسی خاوەر، تا لەژێر هەوری سیادا بێ
بوتی سیمین تەنم، تاکوو لەژێر پەردەی حەیادا بێ
گوڵی ئومێدی قەومم، تا لەژێر سەتری کیادا بێ
تلووعی ماهی من وەک حوسنی یۆسف تا لە چادا بێ
لە شەوق و شەعشەعەی، شوعلەی هەسێرەی بەربەیانم چی
خەریک ماوم لەژێر ئەم گومبەدەی گەردوونی بێ باکا
سەراسیمەم لە گێژاو گێژی دەوری چەرخی ئەفلاکا
هەتا ئەم دەورە وا ڕوون بێ لەئەم دونیایی خەم ناکا
لیباسم تا پڵاس و جاوی مێحنەت بێ لەئەم خاکا
لە تاقەی عوشرەت و شیرداخی عەیشی شامیانم چی؟