یا حەی یا قەییوم بەندە هەر تۆم هەی

لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
 2 خولەک  1145 بینین
یا حەی! یا قەییوم! بەندە هەر تۆم هەی
لە تەنگانەدا، بە فریام بگەی
ڕەببی خۆ تۆ خۆت بینا و بەسیری
بە حاڵی بەندەت، تەواو خەبیری
خۆت ئاگاداری کە هێندێ نامەرد
چە بەڵایەکیان بەسەرما، هاورد
هەر کات بە دەردێ هەر سات بە تەورێ
ئازاریان ئەدام هەر دەم بە جەورێ
نە ڕۆژم ڕۆژە، نە شەوم شەوە
نە خۆراک خۆراک، نە خەوم خەوە
نە ڕۆژووم ڕۆژوو، نە نوێژم نوێژە
سەریان لێ تێک دام ئەفکارم گێژە
هیچێکم نییە، لە خۆت پەنهان بێ
ڕازێکم نییە، لە تۆ نیهان بێ
دونیام لێ تەنگ بوو، سەبرم نەماوە
ڕەحمێ نەفەرمووی کارم تەواوە
ئومێدم هەموو بە کەریمی تە
هیوام بە عەتف و بە ڕەحیمی تە
ڕەببی تۆ بیت و، گەورەیی زاتت
تۆ، بێ وێنەیی، زاتی سیفاتت
تۆ ئەسمای ئەعزەم، زولجەلالی خۆت
تۆ بەرزی مەقام، لایەزالی خۆت
تۆ سێڕی پەنهان، زاتی یەزدانت
تۆ بەحری بێ پەی، جوود و ئێحسانت
تۆ نووری مەعنای، ئایەی قورئانت
تۆ فەخر و خەتمی، پێغەمبەرانت
تۆ بیو نووری خاس، جیلوەی جەلالت
تۆ بیو عیززەت و، عیلم و کەماڵت
تۆ بیو ئەنبیا و گشت مورسەلینت
تۆ بیو، «ڕحمة للعالمینت»
تۆ مەحبووبەکەی، تاکی شیرینت
«محمد، احمد، طە و، یاسینت»
تۆ بیو ئەوانەی کە ڕەزای تۆیان
لا مەتڵەب ترە، لە گیانی خۆیان
بە فەزڵ و کەرەم، ڕەحمەتی عامت
«گوشاد کە» تەنگی بەندەی ناکامت
کەرەمت زۆرە، ڕەحمەتت عامە
بۆ ئەو «ڕەحمەتە» دایم هانامە
هەر چەند ڕووسیا و خەجاڵەت بارم
خۆ پەنا هێندەی قاپی غەففارم
داوام لای خۆتە ئێوارە و سەحەر
کەریمی کارساز سا «فلا تنهر»
لاڵەت لێ ئەکەم، ڕەببی «پەی دەرپەی»
بۆ ئەوەی زۆر زوو بە فریام بگەی
بۆ ڕەحم و کەرەم، بەرەو ڕووت هاتم
ئەی کەرەم کوڵاو، بدە نەجاتم
خۆت موشکێل گوشاو قازی حاجاتی
لابەری خەم و ساحێب خەیراتی
کاری کۆیلەکەت کەوا زەبوونە
بەستە بە ئەمری یەک «کاف و نوونە»
پەنام دە ڕەببی تۆ فەخری عالەم
زوو بە زوو ڕەحمی بکە بە حاڵم