وەجهی چییە وەک سینەمە بریانە دڵی من
لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
1 خولەک
1054 بینین
وەجهی چییە وەک سینەمە بریانە دڵی من
مائیل بە غەم و شیوەن و گریانە دڵی من
لەم دەشتە کە سەحرایی فیراقە بەدەوامی
دائیم لە غەما زار و پەرێشانە دڵی من
وەحشەتکەشی کێوانە لەبەر میحنەتی دووری
وەک مامزی تەنها کە لە هەردانە دڵی من
وا حوجرەیی سینەم هەموو پڕ فەرشە لە حەسرەت
سەیری بکە ئەی غەم خەمی میوانە دڵی من
بێهوودەیە دەرمانی تەبیب دیققەتی دختۆر
کوژراوی موژەی تیری جەوانانە دڵی من
ئالوودەیی خوێنینە لەبەر خوێنی سرشکم
لەم مەوجە کە دەریایە چە نادانە دڵی من
لەو حیکمەتە وازبێنە کە نازانی لە دەردم
فەوتانی بە دەرمانی تەبیبانە دڵی من
کەوتۆتە شلێوە لە هەوا سۆزی هەناسەم
خۆ فەسڵی بەهاری هەموو زستانە دڵی من
عاسیناسناوی ئەدەبی چییە واتیژە سرشکت وەکوو ڕێشین
ناڵینی دەڵێی زەلە کە ناڵانە دڵی من