زەمانێکە ئەسیرت کرد بە خاڵی ڕووت و دڵ و دینم
لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
2 خولەک
1076 بینین
زەمانێکە ئەسیرت کرد بە خاڵی ڕووت و دڵ و دینم
فیدای گوڵزاری حوسنت بم خەریکی زوڵفی چین چینم
نیقابی پەرچەمت لادە لە سەربەدری جەمالی خۆت
زیارەتگاهی عوششاقە کە ڕووتە کەعبەیی دینم
وەرە دڵبەر بکە ڕەحمێ لە ڕێ خوا دەفعەیێ قوربان
بە شەوقی شوعلەیی کوڵمت بدە ئارام و تەسکینم
دڵم تەیرێکی زیرەک بوو بە داوی زوڵفەکەت گرتت
بە دانەی خاڵی بەرچاوت کە کێشات ڕووحی شیرینم
سروور و شادمان بوو چوو بە نەشئەی پەرچەمی ئاڵت
بەیادی وسڵی دێرینت خەریکی شیوەن و شینم
مەڵێن چاهی زەنەخدانت شیفا بەخشی دڵی ڕیشە
خوسوسەن من زەدی خۆتم بە دائیم دیدە پڕ خوێنم
کڵاولاری کەوا پەشمین لەسەر چی عاجزی لێمان
لە ڕێ خوا مەرحەمەت فەرموو بە لەنجە بێرە باڵینم
لە وەختی نەزعی ڕووح جانا وەرە بەینێ تەماشات کەم
ببینم خاڵ و ئەگریجەت لە باتی دەنگی یاسینم
وەسییەت بێ ئەگەر مردم لە کەعبەی ڕووت بکەن ڕووی من
بە ڕەسمی عاشقی خۆت بفەرموو وەعز و تەلقینم
نەکیر گەر هات و لێی پرسیم گوتی عاشق چییە دینت
دەڵێم مەعشووقە دەیزانێ لەگەڵ ئەودا کە هاودینم
بە پەیکانی موژەت جانا ئەگەر عاسیناسناوی ئەدەبی بە کوشتن چوو
لە مەحشەر شاهیدە یەکسەر لیباس و زامی پڕخوێنم