ڕوو گوڵی گەردن مینایی هات بە عیشوە و لارەوە
لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
2 خولەک
1239 بینین
ڕوو گوڵی گەردن مینایی هات بە عیشوە و لارەوە
مورغی دڵ کەوتۆتە داوی وا بە ناڵە و زارەوە
چاو غەزالی لەنجە کۆتر قەد نەمامی عەرعەری
بەس بە عیشوە ڕاببوورە بەو کەوای گوڵدارەوە
عالەمت خستۆتە زیللەت تۆ بە عیشقی چاوەکەت
من کە مەستی چاوی تۆ بم چم بەسەر خومارەوە
پەرچەمەت هاتۆتە سەر سەفحەی جەمالت چین بە چین
گەوهەری گەنجی جەمالت وا بە دەست ڕەشمارەوە
کافری موتلەق ببینێ کەعبەتەینی ڕوومەتت
بۆ تەواف ئیحرام دەبەستێ چی بەسەر زوننارەوە
موعجیزەی ڕووی تۆ ببینێ دینی موسا تەرکەکا
دێتە سەر دینت یەهوودی چی بەسەر ئینکارەوە
موددەتێکە دەرسی عیشقت ئیستفادەی لێ دەکەم
ئێستەکەش فەننی ویساڵت هات بە چەند ئەسرارەوە
ئەو قەزییەی وا لە ڕووتا زەحمەتە حەللی بکەن
فەهمی ئەفلاتوونی تێکدا وا بە چەند تۆمارەوە
حیکمەتی لوقمان چە فایدە تیری موژگانت ببێ
سەد حەکیمی حازیق ئیمڕۆ وا بە پای ئازارەوە
مورغی فەهمی چەند موسەننیف کەوتە داوی عیشقی تۆ
دەنگی ناڵەی جەرگ و دڵیان دێ بە دەست شمقاڕەوە
هەر کەسێ عیشقی نەبێتن ئەهڵی دڵ واوا دەڵێن
پێی مەڵێن ئینسانە بەڵکوو نەقشە بەو دیوارەوە
عاسیناسناوی ئەدەبی ڕووح تەسلیم نەکەی تۆ عیشقبازی چۆن دەکەی
گەر هەواخواهی ویساڵی چت بەسەر گوڵزارەوە