دڵ لە دووریت ڕووحی شیرین غەرقی گێژی حەسرەتە

لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
 2 خولەک  1128 بینین
دڵ لە دووریت ڕووحی شیرین غەرقی گێژی حەسرەتە
چاو لە ڕێگای چاوەنۆڕی پڕ لە تۆزی قەسوەتە
کەی دەبینم ئەی خودایە من بە چاو دوو چاوی ئەو
چاوی بازە پڕ لە ڕازە جیلوەگاهی هیممەتە
ئاوی سەرچاوەی مەحەببەت وا لە دڵما ژیایەوە
چوونی ناو گوڵزاری وەسڵی موشکڵێکی زەحمەتە
چاوەکەم چاوم بەجارێ بوونە چاوەی خوێنی گەش
چونکە جەرگەم وارزیوە سەیری ناکەی لەت لەتە
خۆ بە ڕەسمی بەندەگیمە نامەکەم وا هاتە لات
جەوهەری ئیخلاسە مەعنای گەرچی خۆی بێقیمەتە
بێئومێدم بۆ تەماشای خەتت و خاڵی ڕوومەتی
پاسەوانی گوڵشەنی ڕووی عەسکەری سێ دەوڵەتە
زوڵفی ڕووسە پەرچەمیشی وەک فەڕەنگە بۆ هوجووم
تیپی ئەگریجەی کە چینە سەیری چەند بێمروەتە
ڕوو مەکە بازاڕی عیشقی کەلکی موفلیس ناگرێ
چونکە بێمایە لەوێدا موبتەلای سەد نەگبەیە
عاشقی ڕێبازی ڕاستە بۆ ویساڵی حەق یەقین
ژیان لەگەڵ عیشقا کە نەڕوا بۆ موسلمان وەحشەتە
بێتەبیبی وەسڵی دڵبەر پەشمە لوقمانی حەکیم
زوو عیلاجی دەردی خۆت کە چاری دڵ هەر سەفوەتە
زۆر گوتن قورئان بە کەلکە عاسیناسناوی ئەدەبی بەسیە بێشعوور
ڕوو لە ڕێگای ڕاست و حەق کە تا نەمردووی فورسەتە