ئەی پەرتەوی چەهرەت لە تەماشایی بە سەردا
لە کتێبی:
دیوانی عاسی
بەرهەمی:
مەلا مستەفای عاسی (1885-1975)
1 خولەک
1067 بینین
ئەی پەرتەوی چەهرەت لە تەماشایی بە سەردا
ڕۆژێکی درەخشانە کە شەوقی بە قەمەردا
گوڵزاری جەمالی کە دڵی کردمە بولبول
بەو شێوەیی دڵ شیوەن و شین خاکە به سەردا
ئەو دڵبەرە ڕەعنایە لە حوسنا کە بەبێ شک
سەد یووسفی میسری بە تەواوی لە کەمەردا
من غەرقی خەیاڵم کە لە دونیا چییە نەسلی
ئەو گەوهەرە یەکدانە بوو نەمدی لە بەشەردا
بێلوتفە لەگەڵ عاشقی دڵزار و حەزینی
شەست تیری فیراقی هەمەدەم وا لە سوپەردا
موشتاقە بە پابووسی ئەتۆ دڵ لە موحەڕڕەم
بێهوودەیە عومرێ کە نەفەوتێ لە سەفەردا
چەند خۆشە لە زستانی فیراق نەخلی مرادم
وەک فەسڵی بەهار میوەیی وەسڵت بە سەمەردا
بێڕەحمە بریندارە جگەر خوێنە بە قوربان
سەد حەیفە کە دڵ غەرقە لە خوێناوی جگەردا
عاسیناسناوی ئەدەبی کە لە دەرگاهی ئەتۆ دوورە بەقوربان
باوەڕ بکە خنکاوە لە گێژاوی خەتەردا