بسم الله الرحمن الرحیم

لە کتێبی:
هەوارگەی دڵان
بەرهەمی:
سەید تاهیر هاشمی (1915-1991)
 10 خولەک  1681 بینین

پاش سپاسی خاوێن لە ناخی دڵەوە بۆ خودای گەورە و دروودی بە دڵ و گیان بۆ گەورەترینی پێغەمبەران «محمد مصطفی» و ئەهلی بەیتی خۆشەویستی ئەو «صلوات اللە و سلامە علیهم اجمعین» .

بە پێویست ئەزانم لە سەرەتای ئەم کۆمەڵە شێعرەی خۆمەوە کە ئەوا بە خوێنەرانی ئازیز پێشکەشی ئەکەم, هێندێ لە بەسەرهاتی ژیانی خۆم بنووسم.

من لەدایکبووی بنەماڵەیێک لە ساداتی «حسینی» م. سلسلەی نەسەبی ئێمە ئەگاتە «سید شیخ عیسی بەرزنجی» - سلسلەی ساداتی بەرزنجی بە زۆریەتی خەڵق لە هەموو سلسلەکانی تر زۆرتر و ئەبان ترن، بە تایبەت لە کوردستانی ئێران و عێراق و تورکیا. بنەماڵەی ئێمە لە بەر ئەوە کە جەددی پێنجەمم «سید شیخ رسول» ی دووهەم لە گوندی سۆڵە کە ئێستا لە سەر ناحیەی قەرەداغ و تابعی قەزای سلێمانییەیە دانیشتووە، پێمان ئەڵێن «سۆڵەیی».

باپیری من «شیخ رسول» ی سۆڵەیی بەرزنجی لە خولی پاشایەتی «محمد شاە قاجار» و لە دەوروبەری ساڵی هەزار و دوو سەد و چل و حەوتی کۆچی مانگی لە دێی سۆڵەی قەرەداغ باری کردووە هاتووەتە ئێران و لە مەڵبەندی جوانڕۆدا دانیشتووە پادشا و والی کوردستان و حاکمی جوانڕۆ، زۆر ڕێزیان لێ گرتووە و ئەوپەڕی پیاوەتیان لە گەڵ نواندووە.

لەو حەلەدا ئاژاوەی نێو کوڕانی «عبدالرحمن پاشا» ی بابان حاکمی کوردستانی عێراق - کە سەرئەنجام هەر ئەو ئاژاوەیە بوو بە هۆی ڕووخانی بنەماڵەی بابان و ئیشیان لە دەس دەرچوو - بە ئەو پەڕی سەختی گەیشتبوو، تا ئەوجێ کە بۆ بڕێک پیاوانی خاوەن شەرەف ژیوار لەو دەوروبەرەدا بووبوو بە کەکرە. بەم بۆنەوە چەند کەس لە پیاوانی مەڵبەندەکانی نزیک بە سلێمانی بەرەو ئێران باریان کرد، باپیری منیش «شیخ رسول»، یەکێ لەوانەیە.

شوێنی لەدایکبوونم ئاوایی «دەوڵەت ئاوا» یە لە ناوچەی ڕوانسەری شارستانی پاوەی کرماشان. باوکم «سید قیدار هاشمی سید الدولە» کوڕی «سید عبدالقادر الحسینی» سۆڵەیی بەرزنجی کوڕی «سید شیخ رسول الحسینی» سۆڵەیی بەرزنجییە. ئەم سێ شەخسە خوا لێیان خۆش بێت مەرقەدیان لە «دەوڵەت ئاوا» دا زیارەتگای موسڵمانانە. حەزرەتی «شێخ مەعرووفی نۆدێ» شەجەرەی بنەماڵەی ساداتی سۆڵەیی لە باپیرمەوە «شیخ رسول» ی دەوڵەت ئاوا کردووە بە شێعر - ئەسڵی خەتەکەی شێخ مەعرووف بە لای منەوەیە مامۆستا «ملا عبدالکریم مدرس» لە کتێبی «بنەماڵەی زانیاران» دا هێناویەتی.

دایکم نێوی «اخترخانم» ە کچی «فتاح بیگ سردار اکرم» لە بەگزادەکانی تایفەی وەڵە بەگییە کە خۆی ڕەئیسی ئەو تایفە بووە.

«سردار اکرم» و کوڕانی لەنێو جافی جوانڕۆدا بە کوڕ ئازایی و دەڵاوەری ناوبانگیان هەیە.

هێشتا وام لێ نەهاتبوو کە بانگی دایکم بکەم و بڵێم: دایە گیان، دایکم بە ڕەحمەت ڕۆیی. من مامەوە و باوکێکی زۆر بە ڕەحم و خاوەن بەخشیش کە هەموو چەشنە تەقەلایەکی بۆ بەرزیەتی من - بە تایبەت بۆخوێندەواری من ئەدا.

ڕۆژێک دەست و پێ خزمەکانمان وتیان تاهر لە مانگی «ذی الحجەی ١٣٣٢» کۆچی مانگی دا لە دایک بووە و ئەوا ئێستا کاتی ئەوەی هاتووەتە پێشەوە کە بۆ خوێندەواری ڕەوانەی ماڵی مامۆستا بکردرێت - نازانم مێژووی تەمەنی منیان بە ڕاستی دەزانی یاخود دڵیان بە دانگۆ و کشمیش خواردنەوە بوو ئەو حەلە کە پیاوی دەوڵەمەند منداڵی ئەنایە خوێندن شیرینی و شتی خواردنی تر بڵاو دەکرایەوە و هەروەها خێر و خێراتی زۆریشیان دەکرد - لام وایە یەکێ لە ڕۆژەکانی ساڵی ١٣٣٧ کۆچی مانگی بوو بە هەیتوهووتێکی زۆرەوە بۆ خوێندن بردمیان بۆ ماڵی مامۆستا - هەڵبەت ماڵی مامۆستاش لە دەوڵەت ئاوا و مودەڕڕیسی دەوڵەت ئاوا بوو مەدرەسەی دینیی دەوڵەت ئاوا کە ئێستاش مەلا و فەقێ لێی بەهرە دەگرن لە ساڵی 1271 کۆچیی مانگی باپیرم «حضرت شیخ رسول» دای مەزراندووە. باوباپیری من کاتی خۆیان لەگەڵ زیندوو ڕاگرتنی سوننەتی سنیەی محمدی مصطفی دا صلی الله علیه و آله و سلم بەسەر ئەبرد و زۆریش خۆیان لەو مەدرەسانەدا دەرسیان وتووەتەوە بەتایبەت «شیخ سلێمان»ی یەکەم کە لە گەورەترین زانایانی ئەو چەرخە بووە و بە درێژیی ژیانی لە مەدرەسەکەی خۆیدا لە «ئاوەکەڵە» نزیک بە سلێمانی تەدریسی عیلمەکانی کردووە و ئەحکامی دینی بڵاو کردووەتەوە. - بەڵام ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی مندا ئەنرانە خوێندن بە لای مامۆستاژنەوە دەرسیان ئەخوێند مامۆستا «شێخ مارف» و مامۆستاژن «خاتوون مەریەم» خوایان لێ خۆش بێت لە سەیدەکانی بەرزنجی «لۆن» ی کامێران بوون. من لەو کاتەدا منداڵێکی بێ دایک بووم و ئەوەندەی گەورەیی و نەوازش کە لەو ژنە گەورەیەم بینی کەس لە دایکی خۆی نایبینێ. ئەیفەرموو بە پێنج مانگ قورئانم پێ خەتم کردووی خوای لێ خۆش بێت. دوای خەتمی قورئان مامۆستا بە خەتە جوانەکەی خۆی چەند شێعری بۆ نووسیم کە لەبەری بکەم شێعرێکیان ئەمە بوو:

عامل اندر نحو صد باشد چنین فرمودە استفارسی
شیخ عبدالقاهر جرجانی آن مرد خدایفارسی

بەڵام ئەم خوێندنە زۆر درێژەی نەبوو. لە مانگە شەوی «محرم»ی ساڵی ١٣٤٠ی کۆچیدا هۆردووی عەشایەر هێرشیان کردە سەر گوندەکانی باوکما و بە تەواوی تاڵان و سیروسۆز کراین. پێنج هەزار سوارەی عەشایەر هەمووی دێیەکانیان سووتاند و خەڵکیان پرژ و بڵاو کردەوە. ئێمەش دەربەدەر کەوتین باوکم بردمانی بۆ هۆرین و شێخان ماڵی «عثمان» بەگی شەرەف بادینی کە خزمی نزیکمان بوو. هوردووی تاڵان کەریش تا سنوور لە دوومان هات و تا ناوچەی زەهاب و عەشیرەی تاییشەیی تاڵان کرد و سووتاندسەرۆکایەتیی ئەم هوردووی گەورەیە خوالێخۆشبوو سەردار ڕەشیدی ئەردەڵان و سەردار ناسری یەنجابی بوون. کە لەو کاتەدا لەنێوان ئەوان و «سیدالدوله»دا بەینناخۆشی بوو.. هۆرین و شێخان کوردستانی ئەو دیو بوو و عێراقیش ئەو کاتە «تحت الحمایە» ی ئینگلیز. بەم جۆرە ئیتر نەیانتوانی بێن و گەڕانەوە.

لەم هێرشەدا ماڵ و دارایەکی زۆریش کە هی «علی اکبر خان سردار مقتدر»ی سەنجابی بوو تاڵان کرا. «علی اکبر خان»ی سەنجابی لە ئازادیخوازانی مەشرووتە بوو. لەو کاتەیدا دەستەسەر و تەبعید کرابووە تاران ماڵەکەی دابوویە دەس باوکم کە جگە لە خۆی بایی دراوێکی بە دەس کەسەوە نەدات.

باوکم خێزانەکەی لە ماڵ «عثمان» بەگ دانا و خۆی و دوو برای گەورەم کە تازە پێ گەیشتبوون «سید وجیە الدین» و «سید علی» و پیاوەکانی بەرەو «سۆڵە» و «چرچە قەڵا» کەوتە ڕێ. ئەو کاتە شێخ و گەورەی ساداتی سۆڵەیی «حضرتی قطب العارفین شیخ حسین» ی چرچە قەڵا بوو. شێخ «حسین» پوورزای باوکم بووو لە نەتەوەیشەوە بە شەش پشت ئەگەیشتنە یەکتر. ئەم پیاوە گەورەیە کە خەبەری هاتنی باوکمی بیستبوو، - جگە لە خۆی لە بەر پیری - هەموو کوڕ و برازا و خزمەکانی ناردبووە پیری باوکم.

جاری دووهەم یا سێهەم بوو کە باوکم بۆ سۆڵە ئەچوو منیشی لە گەڵ خۆیا برد و لە تەمەنی منداڵی ڕا بە دیداری موبارەکی شێخ نایل بووم.

باوکم منی برد لەوێ بخوێنم بەڵام نەمخوێند.

لە ئاخر و ئۆخری ساڵی ١٣٤١ مانگیدا ئیمە لە سەفەری چەپاو گەڕاینەوە بۆ دەوڵەت ئاوا (بەهاری ١٣٤٢).

لە ساڵی ١٣٤٧ کۆچی مانگیدا باوکم خوالیخۆشبوو مامۆستا مەلا «محمد رحیم»ی سنەیی بە موودەڕڕیسی هێنایە دەولەت ئاوا و، منیش پاش حەوت ساڵ دووری لە مەکتەب لە خزمەتیا خوێندنم دەس پێ کرد. لە بیرم دێ شازدە ساڵێکم هەبوو شێعری فارسی و کوردیم دەگوت و بو ڕێکوپیکی و هەڵسەنگاندن پیشانی مامۆستام ئەدا، ئەویش شێعرکانمی ڕێک دەکرد و لە شێعر و ئەدەبیاتدا زۆر هانی ئەدام.

هەر لەو ساڵانەدا شاگردیی خوالیخۆشبوو کاکم «سید وجیەالدین»م دەکرد، کاکم لە زیرەکی و قسەڕێکخستن و شاعیریدا وێنەی نەبوو و سەبارەت بە مانا و وەزن و ڕیشەی قسەی جوان شتی زۆری پیشان دام.

زۆر درێژەی نەدەینی دەفتەریکی دووسەد پەڕەییم کڕی و لە تەمەنی بیست ساڵیدا دەستم کرد بە کۆکردنەوەی شێعرەکانم. غەزەلیاتی زۆری فارسی تێدایە و غەزەل غەزەلێکیش کوردی. شێعری تا ساڵی ١٣١٦ هەتاویم لەو دەفتەرەدا ئێستاش ماوە.

ساڵی ١٣١٨ هەتاوی، هەشت ساڵ بوو باوکم و کاکم «سیدعلی» و دیکەی گەورەیانی عەشیرەتەکان لە بەندی «رضاشاە» دا ئەسیر بوون، هاتمە کرماشان و لە بانکی «کشاورزی»دا دامەزرام. لە کرماشان لە خزمەت مامۆستای زۆر زانیار و گەورەی نەناسراوی کورد «بدیع الزمان مهی فرهی» کوڕی میرزا «عبدالمجید مجدالممالک» سنەیی دەستم بە خوێندن کرد تاکوو ئەویان نەقڵ کرد بۆ تاران (لەلایەن ئیدارەکەیەوە).

لەو سەردەمەدا هاوسال و هاودەمم خوالێخۆشبوو مامۆستا بابا مەردۆخی ڕۆحانی بوو. لە خزمەت خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا «فیض اللە»ی ئەسڵەن دۆڵاوی موودەڕیسی «کۆرەدەرە»یشدا چەندێک دەرسم خوێند بە ڕاستی عالمێکی گەورە بوو شێعری کوردی و فارسی و عەرەبیشی چاک دەگوت.

ئەو حەلە کە لە کرماشان بووم تازە گۆڤاری گەلاوێژ بە سەرۆکایەتی مامۆستا «علاء الدین سجادی» بڵاو دەبووەوە خوالێخۆشبوو «ابراهیم نادری» هەم گۆڤاری گەلاوێژی بۆ من دەهێنا و هەم وتارەکانی منی ئەگەیاندە گەلاوێژ ئەو کەسانەی کە وتارمان لە کرماشانەوە ئەچوو من بووم و دۆستێکی کەلهۆڕ بە ناوی «یداللە رضائی» کە ئەو لەسەر لەهجەی کەلهۆڕی دەینووسی، لە سنەشەوە «ناصرخانی ئازادپور» کە بە لەهجەی سۆرانی دەینووسی. بەم جۆرە هەوەڵ جار شێعری من لە گەلاوێژدا بڵاو کرایەوە.

لە ساڵی ١٣٢٢ هەتاوی وازم لە «کارمندی» هێنا و چوومەوە بۆ دەوڵەت ئاوا و ئیتر لەوێ بووم تا ساڵەکانی ١٣٤٩ یام ٥٠ . لەم ساڵانە بەدواوە هاوینان لە دەوڵەت ئاوا دادەنیشتم و زستانان لە کرماشان و هەر لەم ساڵانەدا دەستم کرد بە برنامەنووسین و هاوکاری دەگەڵ بەشی کوردی ڕادیۆی کرماشان. گرنگترین و زۆر بیسەرترینی ئەو وتارانە کە لە ڕادیۆ بڵاو دەکرایەوە «هەوارگەی دڵان» بوو. هەوارگەی دڵان لە سێ بەش پەخشان و سێ بەش شێعر پێک دەهات.

ئەو سێ قەتعە شێعرە کە لە بەرنامەی هەوارگەی دڵاندا ئەمهێنان بڕێ جار هەرسێکی هەڵبەستی خۆم بوون، بڕێ جاریش لە شێعری مامۆستایانی شێعر و ئەدەب، وەکوو: مەولەوی، بێسارانی، وەلی دیوانە، نالی، مەحوی... هتد. هەڵم دەبژاردن، پەخشانەکەش سەبارەت بە شێعرەکە بوو و لەگەڵ شێعرەکاندا دەس لەمل.

جگە لە هەوارگەی دڵان هیندیکی زۆریش وتارم سەبارەت بە شێعر و ئەدەب و تاریخ دەنووسی و بڵاو دەکرایەوە.

ئێستا بە یاریی خودای گەورە و مەزن شێعرە کوردییەکانم لە پێش چاوی ئێوە ئەدەبدۆستانی کوردە.

برگ سبزی است تحفە درویشفارسی
چە کند بینوا همین داردفارسی