کابرایەک هەبوو لە سنە سوا ولەسەنی ناو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  578 بینین

کابرایەک هەبوو لە سنە «سوا ولەسەن»ی ناو بوو، تۆزێ ڕۆنی کردبووە کەڵەشاخێکەوە، هەر وەخت کە ئەچووە دەرەوە نیوەی چەوریەسانێک لە ڕۆنەکەی ئەهێنا بە دەست و پل و دەم و سمێڵیا لە ناو خەڵکا خۆی پێوە هەڵئەکێشا و ئەیوت بەخوا ئیمڕۆ چێشتەکەمان زۆر چەور بوو.

ڕۆژێک کوتوپڕ پشیلەیەک کەڵەشاخەکە ئەفڕێنێ. کچێکی هەبوو هەرای کرد بۆ لای باوکی -کە لە مزگەوت لە ناو خەڵکەکەدا دانیشتبوو- هاواری کرد بابە هینەکە کتک بردی. وتی ڕۆڵە هینەکە چەس؟ هیچ بیری بەلای کەڵەشاخەکەدا نەڕۆیشت، چوکە وا بە قایمی هەڵی گرتبوو شەیتانیش نەیئەدۆزیەوە. وتی بابە ئەوەی سمێڵەکانت پێی چەور ئەکرد.