ئەڵێن پاشایەک سێ ژنی هەبوو یەکێ ئاری یەکێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٨)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  1012 بینین

ئەڵێن پاشایەک سێ ژنی هەبوو، یەکێ ئاری، یەکێ سامی، یەکێ چەرکەسی، شەوێک لەگەڵ ژنە ئاریەکە نوستبوو، لێی پرسی: دنیا چ وەختە؟ وتی: دەمەو بەیانە، وتی: بە چیدا ئەزانی؟ وتی: بۆنی گوڵان لەگەڵ دەنگی بولبولان و نەوای قومرییان، ئاهەنگی عەتارەفشانی و نەواخوانی ئەگێڕن، دڵی دڵداران مەست ئەکەن، باوەشێنی خاڵی سەر گۆنای نازداران ئەکەن. شەوی دووەم لەگەڵ ژنی سامیدا نوست! لێی پرسی: دنیا چ وەختە؟ وتی: بەری بەیانە! وتی: بەچیدا ئەزانی؟ وتی: ملیوانکەی مرواریم کە ئەکەوێتە سەر سینەی قاقمم، فێنکی و ساردیەکی بە ئاستەمی وا هەست ئەکەم وەکوو ئەو ساردییە کە لە شاباڵی بەلەنگەری پەرییەوە بێت و بدا لە ئەگریجەی نازدارێک و بیشکێنێتەوە و ئەو نەرمە بایە بدا لە گۆنای ئاڵی ئەو نازدارە، ئەو چ هەستێک ئەکا بەو فێنکییە، سینەی منیش ئەو هەستە ئەکا! شەوی سێیەم لەگەڵ ژنی چەرکەسیدا نوست، لێی پرسی: دنیا چ وەختە؟ وتی: دەمەو ڕۆژە! وتی: بە چیدا ئەزانی؟ وتی: شەروەت وێ لە ڕووتا گوو تاوی داوم.