بابەکر ئاغای پشدەری بۆی گێڕامەوە وتی پیاوێک

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  505 بینین

بابەکر ئاغای پشدەری بۆی گێڕامەوە وتی:

پیاوێک ژنێکی هێنا لەو وڵاتی سوێوسێنایەتییە، ژنە مەرجەکەی ئەوە بوو، کە کابرا شەوی دە بکا، کابرا تا ماوەیەک وابوو، پاشان هاتە سەر شەوی پێنج و پاشان بوو بە یەک! دیارە ژنە بەمە داناسکێ، چووە لای مەلا شکایەتی کرد، نەشی ئەویست بەتەواوی و بە ئاشکرا بیڵێت هەر ئەوەندەی وت وتی: تا بوو وا بوو، لار بوو وا بوو، چی بکەم ئێستا لەم گۆڵە! بە پەنجەشی لەگەڵ قسەکانا ئیشارەی ئەکرد. ئەمجا مەلا لە پیاوەکەی پرسی تۆ ئەڵێی چی؟ ئەویش وتی: تا وابوو وا بوو، لار بوو وا بوو، چی بکەم لەم دۆڵە!

ئەمیش دیسان بە پەنجە و بە باڵ ئیشارەی ئەکرد، کارەساتەکەش بەم جۆرە بوو:

ژنە لەگەڵ وتنی «تا وا بوو وا بوو» هەر دە پەنجەی ڕاست کردۆتەوە و ڕووی کردۆتە مەلا یانی دە جار، کە وتی: «لار بوو وا بوو» پێنج پەنجەی لا برد و پێنجی هێشتەوە و تۆزی لاریشی کردەوە، یانی دەیەکە هاتە سەر پێنج و پێنجەکەش ئەو هێزەی نییە، واتە دەعبای کابرا شل بووە و ئەو هێزی نەماوە، کە وتی: «چ بکەم ئێستا لەم کۆڵە» هەر یەک پەنجەی ڕاست کردەوە ئەویش سەری پەنجەکەی چەمانەوە وەکوو «کۆڵ»ی لێ هات یانی ئێستا هەر هاتۆتە سەر یەکێ، یەکەکەش وانێکەکەی بەتەواوی لووتی داژەندووە و کۆڵ و کول بووە، من چی بکەم لەوە بە کەڵکی من نایە! ئەمجا کابراش کە وتی:

«تا بوو وا بوو» بە دەستی چەپی پەنجەگەورە و دۆشاومژەی گەیاندە یەک و وەکوو هەڵگەی لێ کرد، یانی لە کاتی خۆیا بیلامانێکەی تەسک بوو! کە وتی: «لار بوو وا بوو» هەر دوو دۆشاومژەی، واتە فڵق بووە! کە وتی: «چ بکەم ئێستا لە دۆڵە» پەنجەی دەستی چەپی خستە سەر کەلەکەی خۆی و بە دەستی ڕاستیشی هاتوچۆی پیا ئەکرد، یانی: بیلامانێکەی ئێستا بووە بە شیو و دۆڵ، هیچ بە خۆش نازانی من چی بکەم لەو دۆڵ و دۆڵیانە!