کابرایەک لە گوندی شێنێ هەبوو ناوی ڕەشە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  476 بینین

کابرایەک لە گوندی «شێنێ» هەبوو ناوی «ڕەشە» بوو، ڕۆژێک ئێسترێک ئەداتە پێش خۆی و ئەچێت بۆ دار قیسپان بۆ قۆرییە گیا و گاو شتی وا، بارە قیسپ ئەبڕێ و پاشان هەرچەندە ئەکا نازانێ بارەکە لە ئێسترەکە بنێ، مەحتەل ئەبێ، پاشان دێ بە بیریا کە بارەکە لە کۆڵی خۆی بنێ و خۆیشی سواری ئێسترەکە ببێ، بەم جۆرە بار، ڕێک، ئەخا و بەرەو ماڵ بە ڕێ ئەکەوێ. لە ڕێگای دوو داری گەورە لەو بەرەوبەری ڕێگاکەدا ئەبێت، ئەمیش باری توند لە خۆی شەتەک داوە، دار قیسپەکانی کۆڵی لە دوو دارە گەورەکە ئەگیرێن، ئێستر بە گوڕ ئەڕوا، کابرا بە هەڵواستراوی لەوێدا ئەمێنێتەوە! ئێستر بە خاڵیەتی ئەچێتەوە بۆ ماڵەوە، خزمان کە تەماشای ئەمە ئەکەن ئەڵێن شتێک لە ڕەشە قەوماوە، دێن بە هاوارییەوە، کە ئەگەنە ئەو شوێنە، سەیر ئەکەن ڕەشە بەو هەواوە ڕەپ ڕاوەستاوە! ئەڵێن: کوڕە ڕەشە ئەمە چییە؟ دای ئەگرن و ئەمجا ئەڵێ:

ئەو ئێسترۆکەم بۆ بێنن، هەر ئەبێ ئێستا ورگی بدڕم، من وتم با بارەکە لەو نەنێم بۆ ئەوە عەزیەتی نەگاتێ لە خۆمم ناو سواری بووم، کە چی گەیشتینە ئەو شوێنە هەرچەندە کشوم کرد هیچ گوێی نەدامێ، ئەم بۆ خۆی چۆوە و منی دا بە دەست ئەو دارانەوە، ئاوا تۆڵەی پیاوەتیم ئەداتەوە؟!