جەمیل ئاغای حەوێزی لە کۆیە پیاوێکی بە نان و...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  437 بینین

جەمیل ئاغای حەوێزی لە کۆیە پیاوێکی بە نان و خوان و دیوەخانگێر بوو. هێشتا ئەم پاکەتوماکەتە دانەهاتبوو، باو هەر باوی جگەرەی قامیش بوو، جەمیل ئاغاش دوو جۆرە جگەرەی لە باخەڵا بوو، جۆرێکی توتنی پێشەمە بوو، ئەوە هەر بۆ خۆی بوو، جۆرەکەی تری توتنی کۆیە بوو.

کە میوانێکە ئەهات دەستی ئەبرد لە توتنەکەی کۆیە جگەرەکی ئەدایە و لە پێشەمەکەش جگەرەیەکی بۆ خۆی دەر ئەهێنا، خەڵکیش وایان ئەزانی هەر دوو توتنەکە هەر یەکە، بەڵام لە ئاخرا هەستیان پێ کردبوو کە ئەمە وانییە! ڕۆژێک لە دیوەخان دائەنیشن و لەسەر عادەتی جاران جگەرە دەرێنێ بۆ میوان و جگەرەیەکیش لە پێشەمەکە بۆ خۆی دەردێنێ، قوتووە جگەرەکەی خۆی کەوتبووە سەر گۆی مەمکی، لەو کاتەدا کە ئەینێتەوە بە یەکا، بەر مەمکی ئەکەوێ زۆر عەزێتی ئەدا، لە تاوانا ناوچاو دێنێتەوە یەک! هەمزەی خۆمان لەوێ ئەبێ هەستی پێی ئەکا کە چ باسە ئەڵێ:

ئاغا! جگەرەیەکمان بدەرێ وم خۆت بەو دەردە مەبە، جگەرەیەک ئەوەی ناوێ کە پیاو خەریکی ئەو فرتوفێڵە بێت بۆی و مەمکی خۆی بۆی بریندار بکا! جەمیل ئاغاش ئەڵێ: هەمز مردووت مرێ جارێ وەختی ئەو قسانە نییە. هەمزەش ئەڵێ: ئاخر ناڵێم!