ساڵێک لە سولەیمانی بێبارانی هات بە سەرا و...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  539 بینین

ساڵێک لە سولەیمانی بێبارانی هات بە سەرا و خەڵکەکە زۆر شڵەژان و کەوتن نوێژەبارانە، نوێژەبارانەش لە دەرەوەی شار ئەکرێ، مەلا و حاجی و پیاوی پیر و منداڵانی ساوا و ماڵات لەگەڵ خۆیان ئەبەن و دەست ئەکەن بە نوێژکردن و پاڕانەوە لە خوا کە بارانیان بۆ ببارێنێ.

خۆت ئەزانی مزگەوتی گەورەی سولەیمانی حافزی زۆری لێیە، حافزەکانیش لەگەڵ خۆیان ئەبەن بۆ ئەم نوێژە نزا و پاڕانەوەیە، بۆ ئەوە بەڵکوو خوا ڕەحم بەم هەژار و بێچاو و ساوا و ماڵاتە بکا و باران ببارێنێ. ئەو دەشتە لەبەر دەنگی مەلا و نزای پیر و بارە و قاڕەی مەڕ و گریانی منداڵ، ئەبێ بە ڕۆژی قیامەت، هەر یەکە بە جیا هاوار ئەکا و ئەپاڕێتەوە. سەرە هاتە سەر حافزەکان بۆ ئەوە دەست بکەن بە دوعا و پاڕانەوە. لە ناویانا مەلا سەعیدێکی بانەیی هەبوو، هەستا گۆچانەکەی گرت بە دەستەوە و پێشکەوت و دەستی بەرز کردەوە و وتی:

خوایە! تۆ ئەزانی ناو شاری سولەیمانی کە باران ئەبارێ ئەبێ بە چ قوڕوچڵپاوێک؟ ئێمەش کە کوێرەکانی مزگەوتی گەورەین لەناو قوڕوچڵپاوی کۆڵانەکانا حاڵمان حاڵی سەگە و هەر تەپ و کوتمانە، جا تۆ هیچ گوێ مەدە بە فڵتەفڵێ ئەمانە. بیکە بە خاتری گەورەیی خۆت و خۆشەویستی پێغەمبەر دەرگای ئاسمان ببەستە و مەبەڵە تنۆکی باران بێتە خوارەوە، حاڵی ئێمە بەتەواوی شڕ ئەبێ و ئەو وەختە خۆت ئەزانی چیت پێ ئەکەم!