شێخی بورهان بورهان گوندێکە لە وڵاتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  507 بینین

شێخی بورهان.

بورهان گوندێکە لە وڵاتی موکریان، شێخێکی لێ بووە بە ناوی شێخی بورهانەوە ناوی دەرکردووە، ناوە ئەسڵیەکەی یوسف و لەقەبی «شمس الدین» بوو، سەردەمی ژیانی سەدەی نۆزدەهەم بوو، شێخی بورهان یەکێک بووە لە شێخە پایە بەرزەکانی سەر بنەماڵەی شێخانی تەوێڵە لە کۆڕی ئاگردانی مەولانا خالدی نەقشەبەندی. پایەی شێخی بورهان شێخی ڕاستەقینە بووە، خۆی پیاوێکی دەوڵەمەندی بە ڕاستی دەوڵەمەند بووە دەوڵەتەکەی لە کۆششی خۆی و لە میراتی باو و باپیریەوە بۆ مابۆوە، چاوی لە دەستی خەڵک نەبووە، نانی داوە بە خەڵک نانی کەسی وەرنەگرتووە.

لە ماڵی تایبەتی خۆی ٣٠ مانگا، پێنج جووتەگا و دە ئێستری تەرخان کردووە بۆ خانەقا، گاوان و جوتیار و دارکێشی بۆ ڕاگرتوون، شیری ئەم مانگایانە بۆ ماست و دۆی ئاوەن و ڕەوەنی موریدانی خانەقا بەرهەمی جووتە کانیشی بۆ خانەقا، ئێسترەکانیش هەموو ڕۆژی تێڕوان بۆ دار و سووتەمەنی خانەقا، ئەو عالەمە لە دوور و نزیکەوە هاتوون نان و شۆربا و هەموو شت حازر بووە، چەند لەوێ مابێتەوە و بە زیکر و فیکرەوە ڕایانبواردووە، ئەگەر موریدەکانیش شتیان هێنابێ پیاوی تایبەتی هەبووە لێی وەرگرتوون. هەر لە خانەقادا عەمار هەبووە براوەتە ئەوێ و دەرخواردی موریدان دراوە بەبێ ئەوەی تێکڵاو بە ماڵی شێخ کرابێ.

ڕابواردنی خۆیشی وابوو! گوێدرێژێکی هەبوو، هەموو ڕۆژ سواری بووە، چووە بۆ سەر ڕەز و زەویوزاری خۆی، خۆی بە دەستی خۆی بژاری ڕەزی کردووە، بێڵکاری کردووە، بە دەستی خۆی گەنمی وەشاندووە، ئاوی داوە و دروویەتییەوە، شەنوبای کردووە، بردوویەتییە ئاش هاڕیوییەتی، لەوە لە ماڵەوە نانی بۆ دروست کراوە، وەکوو بڵێت دایم لە ڕیازەت و چەوسانەوەی نەفسدا بووە، زۆرترین خواردنی نان و شۆربایەک بووە کە خۆی بە دەستی خۆی هێناوییەتە دەست، میوەی ئەخوارد، ئەویش هەر لەوە کە خۆی بە دەستی خۆی لە ڕەزەکانا ئەیهێنایە ئەنجام، هەموو دەم و دەرزی و دەزووی پێ بوو، جلەکانی خۆی پێ ئەدووریەوە بە هیچ جۆر ئەرکی نەئەخستە سەر کەس. لە کۆڕی موراقەبەی سۆفییەکانا ئەچوو سەری ئەنا سنگیانەوە موراقەبەی ئەکردن، هەموو ساڵێکیش چلەی ئەکێشا، ئەمە بوو شێخی بورهان.