جەمال عارف بۆی گێڕامەوە وتی ساڵی ١٩٢٣ لە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  416 بینین

جەمال عارف بۆی گێڕامەوە وتی:

ساڵی ١٩٢٣ لە سولەیمانی بە ناوی مەولوودییەوە کۆبوونەوەیەک لە مزگەوتی گەورەدا کرا و هەندێ قسەوباسی نهێنی لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ چەند کەسێکا کرا. شێخ مەحموود کاغەزێکی بۆ شێخ ئەحمەدی بارزانی و هەندێ سەرۆک عەشیرەتەکانی وڵاتی بادینان نووسی کە ئەوان لەو وڵاتەوە شێخیش لە وڵاتی ئەملا قۆڵ بکەن بە قۆڵی یەکا و بە هەموویانەوە بچن بەگژ حوکوومەتی ئەو وەختەدا بۆ وەرگرتنی حەقی کورد. وتی: ئەم کاغەزە درا بە من کە بچم بیگەیەنم و وەڵام بێنمەوە. وتی: ڕۆیشتم بە بێدەنگی و چاوم بە گەلێ لەو ڕەئیس عەشیرەتانە کەوت و کاغەزم دانێ. ماجید مستەفا ئەو وەختە قائیم مەقام بوو لە ئامێدی. بە ناوی هاوڵاتی و زابتی و دۆستایەتییەوە بووم بە میوانی ئەو. پێی وتم جەمال چۆن هاتووی بۆ ئەم وڵاتە؟ وتم: بۆ گەڕان و بۆ دیدەنی تۆ، یەک دوو ڕۆژی تری پێ چوو دیسان لێی پرسیمەوە چۆن هاتووی بۆ ئەم وڵاتە؟ منیش هەر بەو جۆرە وەڵامم دایەوە، وە مانەوەشم ئەو چەند ڕۆژە لەوێ بۆ ئەوە بوو کە ڕەئیس عەشیرەتەکان هەموو پیان وتم ئێمە لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیە داین، پاش چەند ڕۆژێک وەرەوە جوابی کاغەزەکەشت ئەدەینەوە بیبەوە بۆ شێخ مەحموود.

وتی: ئەوەندەم زانی ماجید دەستی برد یەکە یەکە ئەو کاغەزانەی کە من هێنابووم بۆ سەرۆکی عەشیرەتەکان و زۆر بە نهێنیش ئیشەکەم گرتبوو و دەری هێنا و خستییە بەردەستم! هەر وا لە شوێنەکەی خۆم وشک بووم! بە شوێن ئەوەدا دەستی برد کاغەزێکی تری دەرهێنا کە لەلایەن موتەسەڕیفی موسڵەوە نێرراوەتە سەر ئەوە کە بەو ناوەوە قائیم مەقام بمگرێ و بە باڵبەستی بمنێرێ بۆ موسڵ و لەوێوە بمنێرن بۆ بەغدا. کە ئەمەم دی بە جارێ وشک بووم، وشکبوونەکەم لە ترسی گرتنەکە نەبوو، لەوە بوو کە من ئەو ئیشەم زۆر بە نهێنی کردووە کە چی بەم جۆرە بڵاو بۆتەوە، وتی: ماجید پێی وتم:

جەماڵ! ئەگەر تۆ ڕاست ئەکەی، وەرەوە ئەوا ئێستا من پیاوی حوکوومەتم، لەم دەقیقەیە زیاتر نییە تفەنگ ئەکەمە شانم، ئەوا ئاڕاڕات دیارە، پێکەوە ئەچین و ئەدەینە شاخ، چیمان پێ بکرێ ئەیکەین، خەڵکی تریش لەوێ هەیە لەگەڵ ئەوان دەست ئەکەین بە ئیشکردن، تۆ هاتوویت بۆ لای ئەمانە، ئەمانە، هەموو درۆ ئەکەن، هەموویان لە ژێرەوە لەگەڵ حوکوومەتن، یەکە یەکە ئەو کاغەزە نهێنییانە کە تۆ هێناوتە بۆ ئەوان هەموویان هێناوە بۆ من، بەوەشەوە نەوەستاون خەبەری ئەم هاتنەتییان گەیاندۆتەوە موتەسەڕیفی موسڵ، ئەویش بە فەرمانێکی ڕەسمی کردوویەتی سەر من کە بتگرم و بەباڵبەستەیی بتنێرم. ئەمەیە حاڵی ئەم سەرۆکانە، بەبێ چرپە بەو شوێنەدا کە هاتوویت هەر بەو شوێنەدا بگەڕێوە و خەبەرەکە بەرەوە بۆ شێخ، منیش ناتگرم ئەگەر سەریشم تێدا چووە. وتی: هەندێ پارەی دامێ، خۆی لەگەڵم هات تا قەراخی شارەکە، بەبێ ئەوە پۆلیس پێ بزانێ ڕەوانەی کردم خستمیە سەر لاڕێگەیەک و وتی: لێرەوە بڕۆ، وتی: تا لە سنووری ئامێدی دەرچووم هەر بە لاڕێگا و بەترسەوە ئەهاتم، بەو جۆرە گەیشتمەوە وڵاتی سولەیمانی و چوومەوە بۆ لای شێخ و کارەساتەکەم تێ گەیاند!