شێخ بەشیر ئەتروشی بۆی گێڕامەوە وتی لەو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  352 بینین

شێخ بەشیر ئەتروشی بۆی گێڕامەوە وتی:

لەو وڵاتە، ئاغا شڕە. کابرایەکی حەیرانبێژ بەناوبانگی ئاغایەکەوە ئەچێت و شەوێ ئەبێ بە میوانی بۆ ئەوەی شتێکی بداتێ. لەکوێ ئاگردان دائەنیشن و حەیرانێکی بۆ ئەڵێ. ئاغا ئەڵێ: مەڕێکی بدەنێ؛ ئەمجا «خەزێم» ێک ئەڵێ. ئاغا ئەڵێ: گایەکی بدەنێ. بەم جۆرە هەر ئەو گۆرانییەک ئەڵێ و ئاغاش هەر بۆی زیاد ئەکا، هەتا بەیانیی ڕۆژ ئەبێتەوە. کابرا بەیانی ئیتر ئەیەوی بڕوا؛ سەیر ئەکا هیچ دیار نییە! ئەچێتە لای ئاغا ئەڵێ: ئەمەوێ بچم بۆ لایەکی تر، خەڵاتەکەم بدەرێ با بڕۆم. ئەڵێ: خەڵاتیی چی؟! ئەڵێ: ئەوانەی کە شەوێ فەرمووت، ئاغاش ئەڵێ: تۆ چاکت وت و منیش چاکم وت! کابرا بەهەناسەساردی ئیتر لێ ئەدا ئەڕوا!