شێخ عەبدولڕەحمان گێڕایەوە وتی مەلا ساڵحی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  334 بینین

شێخ عەبدولڕەحمان گێڕایەوە وتی:

مەلا ساڵحی گۆزەپانکە و مەلا سمایلی دیبەگە و چەند کەسێکی تر (کە یەکێک لەوانە مام عەزیز بوو؛) ڕۆژێک لە دیبەگە بەناو کۆڵانێکا ئەڕۆن. بەلای دیوارێکا تێ ئەپەڕن، دیوارەکە زۆر بەرز نابێ، بەحاڵ سەریان لەودیوی دیوارەکەوە دیار ئەبێ، دیوارەکەش دیواری حەوشەیەک ئەبێ. منداڵێک لەودیوی دیوارەکەوە هەر ئەگری و دایکەکەی بۆی ژیر ناکرێتەوە؛ مام عەزیز سەر بەسەر دیوارەکەدا شۆڕ ئەکاتەوە و بە دایکی منداڵەکە ئەڵێ: دایکم ئەو منداڵەت بۆیە ئەوەندە ئەگری هەڵبەت «بسم اللهعەرەبی»ی لێ نەکراوە! ژنەش چاوی لە مەلا ساڵح و ئەوان نەبوو، وتی: برام! بیسمیلای چیی لێ نەکراوە؟! منداڵەکانی مامۆستا مەلا سمایل ئەعووزوو بیلهشیان لێ کراوە؛ کە چی هەر دەست بە دەمیی سەیدا ئەکەن!