شێخ محەمەدی گوڵانی لە مزگەوتی قامیشەکان بوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  406 بینین

شێخ محەمەدی گوڵانی لە مزگەوتی قامیشەکان بوو لە سولەیمانی؛ مزگەوتەکە تۆزێ دەستکاری ئەویست، ئەو سەردەمە مزگەوتەکان ئەهلی گەڕەک هەموو ئەرکەکەیان ئەخستە سەرشان، ویستیان پارە کۆ بکەنەوە بۆ ئەو تەعمیراتە. پیاوێکی پیری دەوڵەمەند هەبوو لە گەڕەکەکەدا، «مچە دیزە» یان پێ ئەوت، شێخ محەمەد و دۆستەکانی ڕوویان نا لە مەلا سمایلی کانێسکان کە بچێتە لای مچە دیزە داوای شتێکی لێ بکا بۆ ئەوەی ئەویش بەشدار بێ لە چاککردنەوەی مزگەوتەکەدا، (وا دیارە ئەو مچەیەش بەرگدروو بوو). مەلا سمایل وتی: ناچم، بۆ لای هەر کەسێکی ترم ئەنێرن ئەچم بەڵام بۆ لای مچە ناچم! وتیان بۆچ ناچی؟ وتی: کوڕە من ئەیناسم، هیچی لە دەستی نابێتەوە. وتیان وا نییە، بۆ ئەم جۆرە شتانە زۆر دڵ و دەروونی باشە.

وتی: کوڕە ئەوە ئێوە ئەڵێن چی؟! وەڵڵا ئەگەر مچە پڕ بە ژوورێک دەرزی هەبێ، یەعقووبی پێغەمبەر و هەموو پێغەمبەرەکان بکە بە تکاکار، مەلائیکەکان هەموو بێنێ بیانکا بە کەفیل بۆ ئەوە دەرزییەکی بداتێ بە ئەمانەت بۆ دروونەوەی کراسەکەی یووسفی کوڕی کە زولەیخا لە دواوە دڕیبووی، نایداتێ! ئێستا چۆن پارە ئەدا بە من کە مزگەوتی قامیشانی پێ چاک بکرێتەوە؟! بە خوا ناڕۆم ئەگەر هەزار هاوار بکەن!