قادر حەمین لە شەقڵاوە ناردی وتی پیاوێکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  439 بینین

قادر حەمین لە شەقڵاوە ناردی، وتی:

پیاوێکی چیرۆکبێژ هەبوو لە شەقڵاوە، ناوی «عەول» و خەڵکی سولەیمانی بوو، کە چیرۆکی ئەگێڕایەوە و حەقایەتی ئەخوێندەوە، ئەگەر باس باسیی دڵداری و عەشق بوایە، ئەمەی خوارەوەی ئەکرد بە سەرەتای حەقایەتەکەی و ئەیوت:

یادی بە یادی
تەختیی مرادی
خورادنی کاردی
بە ئاوی ساردی
خەوی لبادی
ئاوی لە دێمکی
سێبەری بن کەبکی
ماچکردن لە کچی خەڵکی
بە مەلای گەرمیانی
فەقێ کوێستانێ
کیری جووێ
بە قونی دیانێ
ئەو یار لە ئەستۆی
ئەو مامۆستایەی کە من لێم زانی

ئەمجا ئاغام بگەڕابای، هەکشاوێ، داشکاوێ، شۆخوشەنگێ، نەرمونۆڵێ، خڕوخۆڵێ، بە لوتفی شیرین، بە زمانی شەکەرین، دایم قەندی لە لێو دەبارێ!

ئینجا ئاغام مەپرسە! چ ناسک سەنەمێک بوو، شۆخ بەدەمێک بوو، هەنارمژێک بوو، چاوی دەتوت پیاڵەیە، کەپوی دەتوت قەڵەمە، ددانی دەتوت سەدەفە، چەناگەی دەتوت گۆیە، گەردنی دەتوت بلووری سێ نمرەیە، دەیسێ، سینەی دەتوت قاقەزی سەمەرقەندییە، دوو لێوی لێ نەسب کرایە، یەکیان تامی شەکەری لێ دێ، یەکیان تامی هەنگوینێ!

ئەو جا ئاغام دەستەکی بە سنگی دەنا، لاقی پێ کردە دەستی دوعاکەری بەیانێ، هەرچەندە هەرگێڕی کرد و وەرگێڕی کرد، کونەکەی نەدۆزیەوە، ئینجا دەستی دە چەکمەجەیەکی ڕاکرد، دووربینێکی هەشت تەرخانی هێنا دەرێ، دایە پیش چاوی، دووری نۆڕی، نزیکی نۆڕی، چۆن دەرزێکی لە شووشەدا بێ، بەو میسالە دەرزی، ئینجا دوڕڕی لە یاقووتی گیر کرد، یاقووتی لێ بە کەرت کرد، ڕووباری ماوەرانێ وە گۆمە تەنگی کرد دوو بەوەی، یەکێ بەوەکەی خۆی!

خۆ ئەگەر حەقایەت داستانی پاڵەوانی و شەڕوشۆڕ بوایە، ئەمەی خوارەوەی ئەکرد بە سەرەتا:

ئەو ڕۆستەمەی داستانە، ئەو پاڵەوانی زەمانە، گورزی هەڵسووڕاند و دایهێنا، لەگەڵ ئەستێرانی جووت ئەکرد، پڕژی ئاگری لێ دەباری، کە لێی داخستی، جووتە چۆکێکی ئەوتۆی لە دەفەی سنگی دا، یەکێ ئەوتۆی لێ بەر دا، گاسنی تەورێزیی پێ سوور بکرێتەوە!