لەو سەرە لە گوندی ئەردان ئافرەتێکی ژیکەلە

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  657 بینین

لەو سەرە لە گوندی «ئەردان»، ئافرەتێکی ژیکەلە هەبوو، لەو ناوەدا ناوی دەرکردبوو، گوندەکەش دیان و جوولەکە و موسڵمانی لێ بوو، بەو هۆیەوە قەشە و مالوم مەلاشی لێ بوو. خاتوو تۆفێ زۆر جوان بوو، قەشە و مالوم و مەلا هەر یەکە لە ئاستی خۆیانەوە مرخیان لێ خۆش کردبوو. خاتوو تۆفێ کارەساتی بۆ مێردەکەی گێڕایەوە، مێردەکەشی وتی: چ قەیدی هەیە، بەرودوا ژوانیان لەگەڵ ببەستە، لەو گۆشەشەوە چاڵێک هەڵئەکەنین، من ئەچمە ناو چاڵەکە و سەرەکەشی بە گەڵا و شت دائەپۆشین، هەرکامیان هاتن، پێس ئەوەی بێن بە لاتەوە، بڵێ ئەوە ڕەحمەتییەکەی مێردمە و ئەوەش قەبرەکەیەتی، بچۆ سەر بخە سەر چاڵەکە و فاتحەیەکی بۆ بخوێنە و بۆی بنێرە، بڵێ چونکە حەقی بەسەرمەوەیە و ئیتر چاوی لێمان نابێ! کە ئەمەت وت ئەو وەختە ئیتر من چاریان ئەکەم.

خاتوو تۆفێ ژوانێ لەگەڵ جەماعەتا بەرودوا بەست، لەپێش هەموویان قەشە هات، پێی وت ئەشێ بچیتە سەر ئەو قەبرەکە هی ڕەحمەتیەکەیە، فاتیحەکی خۆمانە بخوێنیت بۆ ئەوەی چاوی لێ نەبێ، قەشە چوو، سەری شۆڕ کردەوە و نەکردەوە کابرا لە ژێرەوە چەقۆی ڕاکێشا و لووتی بڕی! قەشە هەڵات، بەشوێن ئەوا مالوم هات، مالومیش هەروەها! پاشان مەلا هات ئەویش هەروەها!

لەدەرەوە یەکیان گرت و لێک ئاشکرا بوون؛ مەلا وتی: مالوم! خوا بتگرێ بۆ دەنگت نەکرد کە لە گەڕانەوەیا چاوت بە من کەوت؟! مالوم وتێ: ئەی قەشە بۆ بە منی نەوت کە لە گەڕانەوەیا چاوی بە من کەوت؟! مەلا وتی: با دیزە بە دەرخونە بێ، هەموو شتێک وایە، ئەڵێ بۆ هەر من بسووتێم؟!