ئەفراسیابی ئەحمەد بەگ گێڕایەوە وتی لەو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  367 بینین

ئەفراسیابی ئەحمەد بەگ گێڕایەوە وتی:

لەو سەردەمەدا کە شێخ مەحموود لە داریکەلی ئەبێ، وتی یەکێک بۆی گێڕامەوە لەبیرم نییە ئێستا، کە یەکێ لە شێخەکانی سەرەزل ئەچێ بۆ زیارەتی شێخ و ئەگەڕێتەوە. زۆر دوور ناکەوێتەوە لە داریکەلی، شێخیش وا دیار بوو لە سەربانەکەوە بە دووربین سەیری ئەو ناوەی ئەکرد. لە کاتی سەیرکردنا چاوی بە شێخەکەی سەرزەل ئەکەوێ بە ڕێگادا ئەڕوا، کتوپڕ لا ئەکاتەوە بۆ پشتی خۆی. خێرا شێخ سوارێک ئەنێرێ بە شوێنیا ئەیگێڕێتەوە.

کە دێتەوە شێخ لێی ئەپرسێ: ڕاستم پێ بڵێ لەو شوێنە چۆڵەدا کتوپڕ لات کردەوە تڕت نەکەندبوو؟ کابرا ئەڵێ: بەرێوەڵڵا یاشێخ ڕاستییەکەی وا بوو، سەگبابخێوە هات ئاگام لە خۆم نەبوو، لاکردنەوەکەشم هەر ئاگام لەخۆم نەبوو، وتم نەوەک یەکێک لە پشتەوە بێت و حەیام بچێ، دیار بوو وا تۆ هەبوویت، خوا ڕەحم بکا. شێخ دەستی کرد بە پێکەنین و وتی: بڕۆ خوات لەگەڵ و خوا ڕەحمی کرد!