محەممەد سدیق گێڕایەوە وتی فڵانی لەگەڵ شینە

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  382 بینین

محەممەد سدیق گێڕایەوە وتی:

فڵانی، لەگەڵ شینە خانی ژنیا هەتا بڵێیت ڕێکوپێک و دەستلەملان بوون، فەنتازی تازە داهاتووە و هەر ڕۆژە شتێک پەیدا ئەبوو. کەنتۆر داهات و دنیا گۆڕا، سەرەڕای کەنتۆری، گەڕانی جووتقۆڵی پەیدا بوو، ئەوە پەیدا بوو کە ژنان لە ماڵا ڕۆژێکیان تەرخان ئەکرد بۆ ئەوەی دەستە خوشکان بێن بۆ لایان و ئەو ڕۆژەش ناو بنێن «قبووڵ،» نەک «قبووڵی،» چونکە قبووڵ، «قبوڵی» یشی تێدا بوو. بە پاقڵاوە و پسکت و گاڵگاڵی و ئەو شتانە کە باو و باپیرمان هەر نەیانەزانی چین! جاران ساڵی دوو کراس بوو، یەکێ زستانە و یەکێ هاوینە، ئێستا خوا ئەیبڕێ، بوو بە ساڵی هیچ نەبێ چوار دەستە جلی عەلمۆدە بێجگە لەو جلە تەدارەکیانە کە شینە خان بۆ هەر قبووڵێک لە ماڵەکەی خۆیان بوایە وە یا قبووڵ لە ماڵێکی ترا بوایە، لەبەری ئەکرد.

کە دنیا ئەم هەموو گۆڕانەی بەسەرا هات، نووکەنووک و بۆڵەبۆڵی شینە خانیش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتری ئەکرد! ملی فڵانی ئەگرت: بەهێ خان ئەو قاتەی لەبەر دایە، شلێرخان کراسەکەی لە سیمکاری لەندەنییە، حەپسە خان کەواکەی گرونیە گوڵبەتماتیەکەی وەستای عەلمۆدەی تازەداهاتوو دروویەتی، قاتەکەی من مۆدێلی نەماوە، بەزیاد نەبێ کرێشەی سەمفۆنیاش بووە بە قوماش من لەبەری کەم؟! جلوبەرگم نییە، ڕووت بم لەمە باشترە.

فڵانیش بەشەرە، لەگەڵ جموجۆڵی ڕۆژا ئەچێ بەڕێوە، پاش عەسرێک بە شینە خانی وت: با بچین بۆ گەڕان، شینە خان وتی: بەزیاد نەبێ، بە چیمەوە بێم بۆ گەڕان؟ بۆ چی جلم هەیە لەبەری کەم؟! فڵانی ئیتر وەکوو بڵێیت پێی هەڵنەگیرا و تۆزێ توڕە بوو و هەستا چوو بەلای کەنتۆرە تازە داهاتووەکەوە، یەکێ لە دەرگاکانی کردەوە، دەستی بۆ ڕاکێشا و لای کردەوە بەلای شینەخانەوە وتی: ئەوە هەموو جلوبەرگ و قاتی نایاب نییە هەڵواسراون؟ دەرگای دووهەمی کردەوە، کاک تۆفیق لەناویا بوو! وتی: مەرحەبا کاک تۆفیق بەخێر هاتی، ڕووی کردەوە بەلای شینە خانەوە و دەستی ڕاکێشا بۆ لای کاک تۆفیق وتی: ئەوەش کاک تۆفیق نییە؟ ئیتر چۆن ئەڵێی هیچم نییە؟!

کاک تۆفیق دۆست و میوانی شینە خان بوو، عەسر لەبەر ئەوە کە فڵانی لەناکاو هاتبۆوە، شینە خان بەم دەمودەستە شوێنی دەست نەکەوتبوو بۆ کاک تۆفیق تیایا هەڵبگرێ، تەنها چاوی سێیەمی کەنتۆر نەبێ! خوا خراپتر نەدا!