خۆت ئەزانی جاف لە کاتی خۆیا گەرمیان و...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  376 بینین

خۆت ئەزانی جاف لە کاتی خۆیا گەرمیان و کوێستانیان ئەکرد، کاتێ کە ئەچوون بۆ کوێستان ئەو ڕێبازە کە ئەوانی پیا ئەچوون هەر دەغڵ و دانێکی لێ بوایە، هەموویان لەناو ئەبرد و بە لاشیانەوە شتێکی وا نەبوو، لایان وابوو کە ماڵی گۆرانخواردن گوناحی لەسەر نییە! گەلێکیشییان دەروێشی شێخ کەریمی کرپچنە بوون «شێخ کەریمی گەورە». وا ڕێ ئەکەوت ئەگەر یەکێ لە گۆرانەکەن بچوایەتە لای مەلا و شکایەتی بکردایە، مەلا ئەیتوانی کوردەی جاف بانگ بکا و پرس و جوابێکی لێ بکا، کوڕەش لەبەر ئەوەی قەمتەری شێخی لە دەما بوو ئەچوو.

مالا قادر مەلا عەلی هەبوو، مەلای «مەولاناوا» بوو، دوو شاخی گای هێنابوو، هەر بە پێستەکەیەوە لەتەنیشت خۆیەوە دای نابوو، کاتێ کە یەکێ لە گۆرانەکەن ئەهات شکایەتی لە کوردێک ئەکرد، مەلا ئەینارد بە شوێن کوردەکەدا، کوردەکەش ئەگەر دەروێشی شێخ بوایە، لە ترسی شێخ ئەچوو، مالا شەرعی ئەکرد لە بەینی ئەو و گۆرانەکەدا. دیارە شەرع هەر بەلای گۆرانەکەدا ئەچوو، چونکە هەر کوردەکە بوو زیانی دەغڵی گەیاندبوو بە گۆرانەکە! بێگومان ئەمیش پێی ڕازی نەئەبوو. جا مەلا قادر هەر خێرا ئەینەوی لە شاخەکان و لەسەری خۆی توند ئەکرد، ڕووی ئەکرد کوردەکە ئەیوت: وەرە شەڕەقۆچ بکەین، ئەگەر من تۆم بەزاند ئەوا شەرعەکەم تەواوە، ئەگەر تۆش منت بەزاند، بە ڕێ ئەچیت هیچ نادەیت!

کابرا کە چاوی بە شاخ ئەکەوت، ئەیوت: مالا تۆ قازییەکی خاست هاوردگە، گابۆر درۆ ناکا، خوا بتکا بە ساقەی شاخی گابۆر و کەریمەسووری کەسنەزان! ئەمجا زیانەکەی ئەبژارد!